ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئۆپەڕاسیۆنی لەدژی مادەی هوشبەر ئەنجامدا

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. عەلی حەسەن راگەیەنراوێکی لەبەردەم ناوندی ئاسایش لە قامشلۆ خوێندەوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، تێکۆشانیان لەدژی بڵاوبوونەوەی مادەی هوشبەر بەردەوامە و لەم دواییانەدا زانیاریان پێگەیشتووە کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک، بڕێکی زۆر مادەی هوشبەر بۆ هەرێمەکە دەنێرن و بەو هۆیەوە ئۆپەڕاسیۆن ئەنجامدراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئۆپەڕاسیۆنەکەدا ٤٣٨ کیلۆ مادەی هوشبەر ( نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٧٠ حەب) و کۆگا و بارهەڵگر دەستیان بەسەرداگیراوە.

هەروەها باسی ئەوەکرا کە لە لێپرسینەوەکاندا تۆمەتباران باسی ئەوەشیان کردووە کە بڕێک مادەی هوشبەریان بۆ وڵاتانی دراوسێ ناردووە.

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " دەستی دەرەکی لە بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی مادەی هوشبەر لە ناوچەکە هەیە. لە بەرانبەری هێزەکانمان هەوڵی ئاسایش و ئارامی دەدەن. لەلایەکی دیکەوە دەستی دەرەکی و هەندێک کەسی لاواز دەیانەوێت بەم ڕێگەیە هەرێمەکە تێک بدەن، هەوڵی هێنانی مادەی هۆشبەر و مادەی قەدەغەکراو دەدەن، بۆ ئەوەی بناغەی کۆمەڵگە و نرخی کۆمەڵگا لەناوببەن و لە رێگەی هەرێمەکەمانیشوە، مادەی هوشبەر بۆ دەوڵەتانی دیکە ببەن."

ف.ق