ئەمریکا سزا بەسەر چەتەکانی داگیرکەری تورکدا دەسەپێنێت

بەهۆی تاوان و پێشێلکارییەکانیان دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی هەرێمە داگیرکراوەکانی باکوری سوریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر دوو گرووپی چەتەکانی سەر بە داگیرکەری تورک سەپاند.

بەهۆی تاوانەکانی ڕفاندن و دەستدرێژیی سێکسی و ئەشکەنجە و کوشتن، بەرامبەر خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێردەستیان، ئەمریکا سزای بەسەر چەتەکانی سەر بە داگیرکەری تورکدا سەپاند.

سزاکانی ئەمریکا هەردوو گرووپی چەتەی "لیوای سلێمان شا" و "فیرقەی حەمزە"ی سەر بە چەتەکانی داگیرکەری تورکی گرتەوە، هەروەها سزاکان محەمەد جاسم (ئەبو عەمشە) و براکەی وەلید جاسم دەگرێتەوە، هەردووکیان سەرچەتەن لە "لیوای سلێمان شا"، لەگەڵ بەناو "سەیف بولاد ئەبوبەکر" سەرچەتەی "فیرقەی حەمزە" بەهۆی تێوەگلانیان لە چەندین پێشێلکاری ترسناک. هەروەها وەکالەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی محەمەد جاسم لەنێو سزاکاندا جێکراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم گرووپانە دەستیان هەیە لەو نەهامەتی و چەرمەسەرییانەی ١٢ ساڵە سورییەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن، هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان ئەنجامداوە بەرامبەر خەڵکی هەرێمەکە.

چەتەکان ڕۆژانە تاوانی دژە مرۆیی ئەنجام دەدەن، بەتایبەت لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپی، ئەم سەرچەتە ناوبراونە، چەندین تاوانیان لە عەفرینی داگیرکراو ئەنجامداوە، هێشتاش لەم تاوانانە بەشدارن.