ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لۆزان ئاشکرا کرا

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە کۆتایی هات، دیارترینیان پێناسەکردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکە وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی هەرێمەکە، لەگەڵ پاراستن و دانپیانانی نێودەوڵەتی بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.

پاش دوو ڕۆژ لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی ڕۆژئاوا، بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە، کۆتایی بە کۆنفرانسەکەی هێنا بەناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی".

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کورد لەلایەن ڕۆژنامەوان ئامارا باوەڕ و بە زمانی کوردی لەلایەن ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا، ڕاکان شێخی، خوێنرایەوە و تێیدا هاتووە:

"ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا لە ٦-٧ ی تەمموز کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی سازکرد بە ناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی". تێیدا ٢٠٠ کەس لە پارتە جیاوازەکان و ئەکادیمی و تەڤگەری ژنان و جڤاکی مەدەنی و ڕۆشنبیر و چالاکوان و یاساناسان لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشەکانی کوردستان و ڕوسیا و وڵاتە عەرەبییەکان و جیهانەوە بەشداربوون. بەشداربووان دووپاتیان کردەوە، پەیماننامەی لۆزان ناونراوە پەیماننامەی ئاشتی، بەڵام ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلان نەهێنا، بەڵکو ڕەوایەتی دا بە قڕکردنی گەلان و کەلتوورەکان، وەک ڕاگەیاندنی شەڕێک بوو بەهۆی ئاکامەکانی دەوڵەت نەتەوە. ئەم پەیماننامەیە ڕێخۆشکەر بوو بۆ چەندین ڕێککەوتنی ئەمنی لەنێوان دەوڵەتانی هەرێمەکە و هەبوونی کورد و ناسنامە و کەلتوورەکانی هەرێمەکەی کردە ئامانج، لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەسیملاسیۆنی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی و تیرۆری سیاسی و ساختەکردنی ڕاستیە مێژوویەکانەوە. قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێمەکە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەن کە پشتیان بەم پەیماننامەیە بەستووە لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتی ستەمکاری و کۆکردنەوەی سامان و قڕکردنی گەلانی ڕەسەنی هەرێمەکە.

لەسەر ئەم بناغەیە، بەشداربووان گەیشتنە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و داواکاری کە دەکرێت پرسی کورد چارەسەر بکات و ڕێچکەی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی ڕاست بکاتەوە:

١- پەیماننامەی لۆزان پاش سەد ساڵ لە واژۆکردنی، نەیتوانی ئاشتی و ئارامی هەرێمی بەدی بهێنێت، دەوڵەتانی پارێزەری ئەم پەیماننامەیە، پێویستە ئەم ڕێچکەیە ڕاست بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، چیتر پشتیوانی ئەو دەسەڵاتانە نەکەن کە پەیماننامەکە دەخەنە خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و هێز لەم دەوڵەتانە وەردەگرن بۆ چەوساندنەوەی گەلی کورد.

٢- پاڵپشت بە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت دەوڵەتە کاریگەرەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی پابەندی ئەم پەیماننامانە ببن و دان بە پرسی کورددا بنێن، مافی کورد بپارێزن لە خۆبەڕێوەبردنی کاروبارە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و جڤاکی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکی نەتەوەیی لەگەڵ دەوڵەتانی دابەشکەری جوگرافیای کوردستان.

٣- پێویستە هێزە کوردستانییەکان هەماهەنگی بکەن و وزە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانیان بخەنە گەڕ لەپێناو پاراستنی گەلی کورد لەو ئۆپەراسیۆنی قڕکردنە سیستەماتیکەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە پەیماننامەیەکی نیشتیمانی کوردییە و دەبێت هەمووا پابەندی ببن بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە هزری و سیاسییەکانیان، ئەمەش پێویستی بە سازدانی کۆنگرەی کوردستانی بە زووترین کات.

٤- گەلی کورد، گەلێکی ڕەسەنە و لەسەر خاکە مێژووییەکەی دەژی، پێویستە دەوڵەتانی دابەشکەری جوگرافیای کوردستان چاوبخشێننەوە بە سیاسەتەکانیان دژی کورد، دانبنێن بە مافی کورد لە ژیان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک یان فیدراڵیزمی دیموکراتیک لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان لەچوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا.

٥- نەتەوەی دیموکراتیک وەک هزر و فەلسەفەیەک لەنێو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەرجەستە بووە، وەک چارەسەرێک خۆی سەلماندووە بۆ پرسی ئاشتی هەرێمی و پاراستنی کەلتوورە دێرینەکانی هەرێمەکە لە توندڕەویی تیرۆریستی و ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کۆتوبەندەکان، ئەوەش لەڕێگەی ئەزموونی ژیانی نێو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسایەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.

٦- جەختکردنەوە لە دانپیانانی نێودەوڵەتی بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ڕەوایەتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی وەردەگرێت لەڕێگەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و سیاسی و سەربازییەکانەوە و گونجاوە لەگەڵ یاسا گشتییە نێودەوڵەتییەکان.

٧- بەردەوامی هێرشە فاشیستییەکان لەسەر گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، درێژەدانە بە پەیماننامەی لۆزان کە ڕەوایەتی دا بە کوشتن و ئاوارەکردنی گەلی کورد لەسەر دەستی دەوڵەت نەتەوەکان.

٨- بەشداران ڕوونی دەکەنەوە، دوژمنانی گەلان پابەندی هیچ یاسا و پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی نابن، بۆیە داوا دەکەن دەوڵەتان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ناچارکردنیان بە پابەندبوون بەم یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییانە.

هێزی خودی گەلان تاکە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئاکامەکانی لۆزان و ڕێگری لە هەر پەیماننامەیەکی ستەمکارانە دەرهەق بە گەلانی هەرێمەکە.

٩- بۆیە بەشدارانی کۆنفرانس داوا دەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو دامەزراوە پەیوەندیداروەکانی بەرپرسیار بکات بەرامبەر سیاسەتی پەراوێزخستن و نکۆڵی و کۆمەڵکوژی دژی گەلان، پێویستە کۆمیتەی ماف و لایەنە پەیوەندیدارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕەچاوی ئەم ڕاسپاردانە بکەن و بیگەیەنن بە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان".