یەپەگە ناسنامەی شەهیدێکی ئاشکرا کرد

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی نوسراوەوە، ناسنامەی شەڕڤانێکی ئاشکرا کرد کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لە گوندەواری حەلەب لە ١٠ ی حوزەیران شەهید بووە.

ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ناسنامەی شەڕڤانێکی ئاشکرا کرد کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لەسەر ڕێگەی مەعراتە لە گوندەواری حەلەب لە ١٠ ی حوزەیران شەهید بووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هاوڕێمان یەحیا خدر، بە ناسناوی دڵشێر عەفرین، لە ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ شەهیدبوو، بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. هاوڕێمان دڵشێر لە پێکهاتەی عەرەب و خەڵکی شاری عەفرینە، بنەماڵەکەی لە بنەماڵە دێرینەکانی هەرێمەکەیە، جێدەست و فیداکارییان دیارە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا.  

لە ساڵی ٢٠١٢، سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا هاوڕێمان دڵشێر پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانمانەوە، ئەوکاتەی شۆڕش هەڵگیرسا و لە ڕۆژئاوای کوردستان تەشەنەی کرد.

هاوڕێمان دڵشێر زۆربەی تێکۆشانی لە هەرێمی عەفرین و حەلەب بەڕێکرد. ساڵی ٢٠١٣، کاتی هێرشی چەتەکان بۆ سەر عەفرین، ئەو لە سەنگەری پێشەوە بوو، چالاکانە بەشداریکرد لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٦ و چەتەکانی تێکشکاند، پاشان لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨، چالاکانە دژی سەرباز و چەتەکانی داگیرکەر لە سەنگەرەکانی پێشەوە شەڕی کرد.

هاوڕێمان دڵشێر خێزاندارە و خاوەنی دوو مناڵە، وەک چۆن بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر گەلەکەی بەجێهێنا، بۆ خێزانەکەشی بەهەمانشێوە بوو. بەرامبەر هاوڕێکانی خاکەڕا بوو، ڕەنجدەر بوو، بەم سیفەتانە هەمووان خۆشیان دەویست، بێ دوودڵی ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند، قوربانی بێ‌وێنەی دا، یادی ئەو هەمیشە لە یادگەمان دەمێنێتەوە.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هاوڕێ شەهیدەکەمان و هەموو گەلی وڵاتپارێز دەکەین، لە کەسێتی هەڤاڵ دڵشێردا بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە، بەڵێنی سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە.

ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکەمان بەم جۆرەیە:

ناسناو: دڵشێر عەفرین

ناو و پاشناو: یەحیا خدر

ناوی دایک: فاتیمە

ناوی باوک: جومعە

شوێن و کاتی شەهیدبوون: حەلەب/ ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣.