یەپەگە و یەپەژە بە ئەنجامدانی مەراسیمێک لەحەلەب یادی ١٥ی ئابیان بەرزڕاگرت

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بە ئەنجامدانی مەراسیمێکی سەربازی لە شاری حەلەب، یادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب-یان بەرزڕاگرت.

بە بۆنەی ٣٩ یەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ناوچەی شقەیێفی شاری حەلەب، مەراسیمێکی سەربازییان ئەنجامدا. لە مەراسیمەکەدا ئەندام و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەبوون.

لای خۆیەوە ڕۆژدا عەفرین، فەرماندەی یەپەژە پیرۆزبایی ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئابی لە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، دایکانی شەهیدان و گەل کرد.

ڕۆژدا عەفرین وتیشی: لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا فەرماندە و گیانباز مەعسوم کۆرکماز یەکەم فیشەکی لە ناوچاوانی دوژمن دا. تەقاندنی یەکەم فیشەک بووە دەستپێکی تێکۆشانی چەکداری. بۆ گەلی کورد و گەلانی چەوساوە بوو بە پاڵنەرێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و ڕزگاربوون لە زنجیرەکانی کۆیلایەتی.

ئەو فەرماندەیەیی یەپەژە لە کۆتاییدا وتی: "بە ڕەنج و گیانبازی شەهیدان گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە پێشکەوتووەی شۆڕش. درێژە بە تێکۆشان لەسەر ھێڵی ھەڵمەتی ١٥ی ئاب، کە ڕۆژی ژیانەوەی گەلی کوردە دەدەین و دەستکەوتەکان بەدەستدەھێنین".

مەراسیمەکە بە دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

ژ.ن