یەپەگە: ئێمە هەردەم لەگەڵ گەلی ئێزیدیمان دەبین

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە): وەک دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی، بە هەموو هێزی خۆمانەوە لەگەڵ جڤاکی ئێزیدیمان دەبین. شەهیدە قارەمانەکانمان، پاراستنی شەنگالیان وەک ئەمانەتێک دایە دەستی ئێمە.

فەرماندەیی گشتی یەپەگە، لە نۆهەمین ساڵیادی فەرمانی شەنگال، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا، تەواوی ئەو گەلەی بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران، بەتایبەت ژنان، بە ڕێزەوە یادکرانەوە، هەموو ئەو کەس و هێزانەی پلانی ئەم کۆمەڵکوژییەیان داڕشت، شەرمەزارکران.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵکوژی سەر ئێزدییەکان کۆمەڵکوژییەکی سەختە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەڵێت: "پێش هەموویان ئەو هێزانەی ئەوکاتە بەرپرسی هەرێمی شەنگال بوون، هەروەها تەواوی دەوڵەتانی هەرێمی و نێونەتەوەیی خۆیان کوێر و کەڕ کرد بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە. ئەم کۆمەڵکوژییە نەوەک هەر بۆ هەرێمەکە، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی شەرمەزارییەکی مەزنە. تاوەکو گەلی ئێزدیمان دووبارە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبێتەوە، مرۆڤایەتی و هەموو هێزە جیهانییەکان پێویستە لەگەڵ ئەم گەلەدا بن و پشتیوانی تێکۆشانی ئازادییەکەیان بکەن لەپێناو هەبوونی خۆیان".

هەروەها تێیدا ئاماژەکراوە بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و یەپەگە و یەپەژە، کەوا بە بەرخۆدانی کچ و کوڕانی شەنگال لەپاڵ گەریلا و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ڕێگە لەم "کۆمەڵکوژییە ترسناکە" گیرا.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت قڕکردنی ئێزدییەکان تەواوبکات کە داعش بە نیوەناچڵی جێی هێشتبوو. لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک لە دژی گەل و هێزی پاراستنی شەنگال، بانگەواز لە هەموو دەوڵەت و هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەن ڕۆڵ بگێڕن و دەوڵەتی تورکی هاوکاری داعش ڕابگرن و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، بەڵێن دووپات دەکەنەوە، بۆ دووبارە خاوەندارێتیکردن لە شەنگال و هاتووە: "ئێمە ئەمڕۆ و هەردەم وەک دوێنێ بە هەموو هێزمانەوە لەگەڵ گەلی ئێزدیمان دەبین. ئەگەر هێرشی نوێ بکرێتە سەر گەلی ئێزدیمان، ئێمە وەک هێرش بۆ سەر خۆمان لێکی دەدەینەوە و ڕۆڵ دەگێڕین. شەهیدە قارەمانەکانمان، پاراستنی شەنگالیان وەک ئەمانەتێک دایە دەستی ئێمە.