ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە دژی داعش و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەردەوامە

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"دا ناوچەیەکی فراوان لە چەتەکانی داعش پاککراوەتەوە، ٣ چەتە و ٢ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە سێیەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"بۆ سێیەمین ڕۆژ، هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" لە هەرێمی دەیرەزۆر، بە مەبەستی ڕاونانی شانەکانی داعش و تاوانباران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر، هێزەکانمان گوندەواری ڕۆژئاوا کێوماڵکرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە چوارڕیانی مەعامل، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە لە گوندەواری ڕۆژهەڵات و بەشەکانی گوندەواری باکوری دەیرەزۆر بەردەوامە.

دوێنێ هێزەکانمان سێ چەتەی داعشیان لەسەر ڕێگەی عەزبە-کونیکۆ دەستگیرکرد، ئەوکاتەی ویستیان هەڵبێن.

لە ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانەسەردا، هێزەکانی بەشداربووی ئۆپەراسیۆنەکە ٢ بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد و دەستبەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا گیرا.

هێزە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" دووپاتی دەکەنەوە، بەردەوام دەبن لەو ئامانجانەی پێشتر دیاری کراون، بە مەبەستی لەناوبردنی شانەکانی داعش و وشککردنی سەرچاوەکانیان، هەروەها لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر و تاوانەکانی دژ بە خەڵکی سڤیل".