ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هەسەدە و دژە تیرۆر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەڕێوەچوو

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، بە بەشداری دەزگای دژە تیرۆری کوردستان CTG و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژی شانە نوستووەکانی داعش لە حەسەکە ئەنجامدا.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکە لە چواچێوەی کاروچالاکییە هاوبەشەکانیانە لەگەڵ هاوکارانیان بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش.

بەگوێرەی هەواڵەکە: «یەکینەکانی دژە تیرۆر (YAT) سەر بە هەسەدە، بە بەشداری هێزی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوێنێ شەممە، توانیان شانەیەکی نوستووی داعش هەڵوەشێننەوە کە لە چوار چەتە پێکدەهاتن، کاری ئەم شانەیە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ شانەکانی داعش.

یەکینەکانی دژە تیرۆر و هێزە هاوبەشەکان هەڵیانکوتایە سەر مۆڵگەکانی شانەکە لە شارۆچکەی مەرکەدەی باشووری حەسەکە، پاش گەمارۆدانی ماڵەکان و پشکنینیان، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گیرا و چەتەکان دەستگیرکران.

هەروەها دەستگیرا بەسەر ئامێری پەیوەندی و چەکی هەمەجۆر، لەگەڵ چەندین دیکۆمێنت کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی «داعش» دەسەلمێنێت.

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە ئەرکە هاوبەشەکان لەگەڵ هاوکارانیان لە ناوچەکەدا بۆ دۆزینەوەی شانە نوستووەکانی «داعش»، چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە».