ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" لە دەیرەزۆر کۆتایی هات

قەسەدە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش لە دەیرەزۆر کۆتایی هات، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ٢٩ چەتە کوژراون، ٢٥ شەڕڤان و ٩ سڤیل شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" کە ٢٧ ی ئاب لە گوندەواری دەیرەزۆر دەستی پێ کرد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٢٩ چەتە کوژراون، ٢٥ شەڕڤان و سڤیل شەهیدبوون، ژمارەیەک چەتەی داعش و دیفاع ئەلوەتەنی گیراون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "ڕژێمی سوری و ڕژێمی تورک و چەندین هێزی تر، هەوڵیاندا فیتنە بەرپا بکەن. بەڵام لەسایەی پەیوەندی بەردەوامی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و دانیشتووانی هەرێمەکە، ڕێگەگیرا لە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە و ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوت".

درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هێزەکانمان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرپەرشتی مەجلیسی سەبازی دەیرەزۆر لە ٢٧ ی ئابی ڕابردوو، بەناوی "پتەوکردنی ئاسایش" ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشی و سەربازی دەستپێکرد. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە بەئامانجگرتنی شانەکانی داعش بوو، کە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٦٠ هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازییەکانمان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دانیشتووانی هەرێمەکە. ئامانجێکی تر، دەستبەسەرکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و تاوانباران بوو کە لەلایەن دامەزراوە دادوەرییەکانی دەیرەزۆرەوە داواکراو بوون، بەهۆی ئەنجامدانی تاوان دژی دانیشتووان دامەزراوە گشتییەکان.

لە ڕۆژانی سەرەتادا، ئۆپەراسیۆنەکە بەگوێرەی پلانەکان بەڕێوەچوو. هێزە سەربازییەکان ژمارەیەک ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و بازرگانی مادەی هۆشبەریان گرت. هەروەها زیاتر لە ٩٠ گوندی ڕۆژئاوا و باکوری دەیرەزۆر پاککرانەوە.

دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی سوری و ژمارەیەک لایەنی تر، بینیان سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە زیانگەیشتنە بە پرۆژە و پلانەکانیان. بۆیە کەوتنەکار و کەسانی نزیک لە خۆیان بەکارد‌ێنن، هەروەها ئەندامە چەکدارەکانیان لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە دەربازی گوندەکانی دەیرەزۆر کرد. ئەندامە چەکدارەکان بەناوی هێزی عەشیرەتەکانەوە لەگەڵ شانە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێم یەکیان گرت. هێزە ناوبراوەکان، ڕێکخراوێکی ئەمنی سەر بە ڕژێمن.

ڕاستییەکان دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە:

- ئۆپەراسیۆنەکە لە بنەڕەتدا دژی شانە تیرۆریستەکانی داعش بوو. بەڵام ئەوکاتەی ئەندامەکانی سەر بە ڕژێم ئاژاوەیان نایەوە، ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕا بۆ پێکدادان دژی ئەو ئەندامانەی لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە هاتبوون. ئەمانە هەوڵیاندا فیتنە لەنێوان دانیشتووان و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەرپابکەن، بەڵام شکستیان هێنا.

- ١٢٥ گوندی هەرێمی دەیرەزۆر لەژێر دەستی مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدان. بەڵام کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ٥ گوند ڕوودەدەن، کە ئەندامەکانی ڕژێم و تاوانباران تێیدا جێی خۆیان کردۆتەوە.

- هێزەکانمان لە ڕۆژانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە توندی بەکارنەهێنا، ویستی بە عەقڵ و زانین و ئارامی، ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکات و ئاژاوەکان بسڕێتەوە. بەڵام ئەندامە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، وەک شارەوانی و وێستگەی ئاو. بەتایبەت وەختێک وێستگەی ئاوی زیبان تاڵانکرا و دزرا و سوتێنرا و وێرانکرا. هەروەها هەوڵیاندا شەڕەکە بگوازنەوە بۆ شوێنەکانی خەڵکی سڤیل. ئەمە بووە مەترسی لەسەر دانیشتووان، بۆیە دانیشتووان داوایان لە قەسەدە کرد، کۆتایی بهێنن بەم ڕەوشی ئاڵۆزی و تێکدانی دامەزراوەکان.

- هێزەکانمان داوای دانیشتووان و ڕیش‌سپیانی بەجێگەیاند و دەستی کرد بە پاککردنەوەی ٥ گوندەکە. هەندێک چەکدار خۆیان ڕادەست کرد و هەندێکی تر لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە هەڵاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەستی ڕژێمی سوری.

- لە مێژووی ئاڵۆزییەکانی سوریادا، شتێکی لەم جۆرە نەبووە، تا ئێستا بەم ڕێژە مەزنە هەوڵی تێکدان و فیتنەسازی لە دژی هێزەکانمان نەبووە. بەڵام هێزەکانمان، بە هەموو شەڕڤان و فەرماندەکانەوە، بە عەقڵ و زانین و بەرپرسیارێتی و دیسپلین مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشەکە کرد.

- ڕژێمی سوری و ڕژێمی تورک، چەندین هێزی تر ویستیان فیتنە بنێنەوە. بەڵام لەسایەی پەیوەندی بەردەوامی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و دانیشتووانی هەرێمەکە، هەروەها بە ئاگادارکردنەوەی دانیشتوان لە پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، ڕێگە گیرا لە هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە و ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو. لێرەدا سڵاو لە قارەمانێتی شەڕڤانان و فەرماندەکانمان، نوێنەرانی جڤاکی شێخ و عەشیرەتەکان دەکەین کە هاوکاری و زانیارییان پێداین و ئەرکی هێزەکانمانیان لە دژی ئەو چەکدارانە ئاسانتر کرد.

- لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٩ چەکدار کوژراون، ٢٥ شەڕڤانی ئێمە و ٩ هاوڵاتی سڤیل بە چەکی چەکدارەکان شەهید بوون. چەکدارەکان لە شەڕەکانیان دژی هێزەکانمان چەکی قورس و موشەکی میلانیان بەکارهێناوە، وێنەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە. هەروەها 4 ئەندامی دیفاع ئەلوەتەنی سەر بە ڕژێمی سوری و 2 ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، 15 چەکداری دیکە دەستگیرکراون. هەروەها بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی کەوتە دەستی هێزەکانمان.

-لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام بوو، هێزەکانمان لەگەڵ شێخی عەشیرەتەکان کۆبوونەوە، هەروها عەشیرەتی عەگیدات بە هەردوو بەشەکەی بەکیر و شەعیتات بەشداربوون. هەموویان دەیانویست ڕێگە نەدرێت ئەندامانی دەرەکی بچنە ناو دەیرەزۆرەوە و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی تێکبدەن.

-ئەمڕۆ دوای ئەوەی تەواوی هەرێمەکە پاککرایەوە و چەکدارە دەرەکییەکان دوورخرانەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایدەگەیەنن، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بنەڕەتی لە دەیرەزۆر کۆتایی هاتووە و گەیشتووە بە قۆناغی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دیاریکراو دژی شانە تیرۆریستییەکانی داعش و تاوانباران.

-هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"، سوپای داگیرکەری تورک هێرشی بەردەوامی بۆ سەر هەرێمەکانی مەنبەج، عەین عیسا، گرێ‌سپی، تەل تەمر و زرگان ئەنجامدا. هێزەکانمان به هەموو هێزه سەربازییەکانیان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوه و هێرشەکانیان پووچەڵ کردەوه و زیانی گه ورەیان به چەتەکان گەیاند.

-ڕژێمەکانی سوری و تورک هەوڵیاندا فیتنە لە سوریا و هەرێمی دەیرەزۆر بەتایبەتی دروست بکەن و ڕەنگێکی مەترسیدار بە ڕووداوەکان بدەن، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا. لە سایەی خۆڕاگری هێزەکانمان و هۆشیاری گەلەکەمان و لە سایەی کۆبوونەوەی گەل لە دەوری هێزەکانمان، هیوا و ئامانجەکانی ئەو دوو ڕژێمە تێکشکێنرا. ئەو ڕووداوانەی لە ٥ گوند ڕوویاندا، نیازی هێزە دەرەکییەکانیان دەرخست کە دەیانەوێت ئاسایشی هەرێمەکانمان و دانیشتووانەکەی تێکبدەن. لە سایەی زانین و باوەڕی گەلەکەمان بە هێزە پارێزەرەکانیان، هەموو پیلانگێڕی و پلانەکان پووچەڵکرانەوە.

- لەگەڵ سوپاسکردنی گەلەکەمان و بەڕێوەبەرانی جڤاکی دەیرەزۆر بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانمان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی فیتنە، بەڵێن دەدەین دژی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، و ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی دەدەن، ئەوانەی پشت بە ئیرادەی دەرەکی دەبەستن و هەوڵی نانەوەی فیتنە و ئاژاوە دەدەن، ئاستی تێکۆشان و خەباتمان بەهێزتر بکەین. هەروەها بە وردبینی و بەرپرسیارێتییەکی مەزنەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا دەکەین".