یەپەژە شەهیدبوونی شەڕڤانێکی ڕاگەیاند

فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕایگەیاند، شەڕڤانێکیان بە ناوی ڕیم عەلی جاسم لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ شەهید بووە و وتی: "وەک هاوڕێیانی ڕیم، بە بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی یەکێتی و یەکڕیزی ژنانی کورد و عەرەب، پارێزگاری لە خاکەکەمان دەکەین".

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لەبارەی شەهیدبوونی یەکێک لە شەڕڤانەکانی بە ناوی ڕیم عەلی جاسم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: هاوڕێمان ڕیم عەلی جاسم، بەو باوەڕی کە بە دۆزی ئازادیی گەلان ھەیبوو، لەسەر ڕێچکەی ڕۆژبین عەرەب و هەبوونەکان، بە ئامانج و ھیوایەکی گەورەوە لە تەمەنی گەنجیدا بەشداری ڕیزەکانی ئازادی کرد. هاوڕێ ڕیم بە خەونی پێکھێنانی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە جێگەی خۆی لە نێو ڕیزەکانی یەپەژەدا گرتەوە. بە بەرپرسیارێتی ڕۆحی سەردەم، بۆ خاوەنداریکردن و بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنان، ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی شۆڕشی ئازادی گەلان تەرخانکرد. لەسەر ئەو بنەمایەش، لە ماوەیەکی کورتدا، کەسایەتی خۆی ڕھێناو و بوو بە شەڕڤانێکی بوێر و دڵسۆز.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی گشتی یەپەژە دا ھاتووە، ھاوڕێمان ڕیم عەلی جاسم، ڕۆژی ٢٠ی ئاب، لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوو.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، هاوڕێمان ڕیم بۆ ئيمە بووە گوزارشت لە پێداگری و ھێنانەدی ژیانێکی ئازاد. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێمان ڕیم و تەواوی گەلی وڵاتپارێزیمان دەکەین. وەک هاوڕێیانی ڕیم، هەموو کات بە بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی یەکێتی و یەکڕیزی ژنانی کورد و عەرەب، خاکەکەمان دەپارێزین.

یەپەژە ناسنامەی ئەو شەھیدەی بەم جۆرە بڵاوکردووەتەوە:

ناسناو: ڕیم عەلی جاسم

ناو و پاشناو: ڕیم جاسم

ناوی دایک: ئەمیرە

ناوی باوک: عەلی

کاتی شەهیدبوون: ٢٠.٠٨.٢٠٢٣

ژ.ن