یەپەژە یادی شەهید گوڵچیا دەکاتەوە

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، یادی فەرماندە گوڵچیا دەکاتەوە و ستایشی هەوڵ و بەشدارییەکانی دەکات لە ڕزگارکردنی هەرێمەکانی باکور و ڕژهەڵاتی سوریا لەدەستی داعش، بەڵێن دەدات بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی و درێژەدان بە دۆزەکەی تا کۆتایی.

پێگەی فەرمی یەپەژە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، تێیدا یادی ئەندامی مەجلیسی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، گوڵچیا گابار دەکاتەوە، کە ٢٩ ی نیسانی ٢٠١٩ لە هێرشێکدا بۆ سەر هەرێمی گارە شەهیدکرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باس لەوە کراوە، فەرماندە گوڵچیا لە چیاکانی کوردستانەوە ڕوویکردۆتە شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوا بۆ بەهاناوەچوونی گەلەکەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرگریکردن لێیان دژی داعش. ئاماژە دەکات بە بەشدارییەکانی لە هەڵمەتەکانی ئازادکرنی (تەل بەراک، شەدادی، تەل حەمیس، هۆل، چیای کیزوان، سیلوک، عەین عیسا)، کردنەوەی ڕێڕەوی نێوان گرێ‌سپی و کۆبانێ و مەبروکە و سەرێکانی و جەزعە تا مەکامینی دەیرەزۆر.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

«ڕێبازی پیاوسالار و دەوڵەت فاشیستی، بە تێکۆشان و بەرخۆدانی فەرماندەی وەک گوڵچیا دەڕوخێت. هەڤاڵ گوڵچیا تێکۆشانێکی بێوێنەی ئەنجامدا لە هەر بستێکی خاکی نیشتیمان لەپێناو ئازادی، بەگیانی نەمری خۆی بوو بە خوڵقێنەری ژیانی ئازاد.

هەڤاڵ گوڵچیا وەک ژنەکوردێک هەموو ساتەکانی ژیانی بە گیانی بەرخۆدانی ژن بەڕێکرد لەپێناو پاراستنی شوناس و هەبوونی کورد و ڕزگارکردنی لەدەستی داگیرکەر. میراتێکی مێژوویی لە بەرخۆدان بۆ هەموو ژنان بەجێهێشت. لە کەسێتی هەڤاڵ گوڵچیا، ڕێبازی ژیانی ئازاد دەبینرێتەوە. فەرماندە گوڵچیا لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕییدا دژی لەشکری دەوڵەت فیداکارانە جەنگاوە لەپێناو مافی ژیان، ئەمەشی کرد بە شێوازی ژیانی خۆی. هەڤاڵ گوڵچیا لە چیاکانی کوردستانەوە بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوا، بۆ بەهاناوەچوونی گەلەکەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرگریکردن لێیان دژی داعش کە بوو بە بەڵایەک بۆ سەر هەموو جیهان، فەرماندە گوڵچیا بە بوێری ژنی کورد، جەستەی خۆی کرد بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە، ئەوکاتەی چەتەکانی داعش چەک و شمشێریان بەرزدەکردەوە و هێرشیان دەکرد. فەرماندە گوڵچیا تێکەڵ بە بەرخۆدانی مێژوویی ڕۆژئاوا بوو، بەشداریکرد لە هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنی تەل بەراک، شەدادی، تەل حەمیس، هۆل، چیای کیزوان، سیلوک، عەین عیسا، لەگەڵ کردنەوەی ڕێڕەوی نێوان گرێ‌سپی و کۆبانێ و مەبروکە و سەرێکانی و جەزعە تا مەکامینی دەیرەزۆر. لەماوەی بەرخۆدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، فەرماندە گوڵچیا لەلایەک دژی ستەم جەنگا و لەلایەک فەرماندەیی جەنگی کرد وەک ژنێکی فەرماندە. گوڵچیا پیشاندەری قارەمانێتی ژنە لەپاڵ قارەمانێتی عەگید، کە ڕێبەر ئاپۆ ئافرێنەرێتی.

لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی فەرماندە گوڵچیا و گەلی کورد دەکەین کە ئەم بەها بەرزانە هەڵدەگرێت. وەک یەپەژە سوپاسی فەرماندە گوڵچیا دەکەین کە بەگیانی پیرۆز لەڕێگەی شۆڕش و پاراستنی شۆڕش تێکۆشا، هێڵی ئازادی ئەمڕۆ لە کۆمەڵکەگەماندا باڵادەستە و ڕووی لە سەرکەوتنە بە فەزڵی فەرماندەکانی وەک گوڵچیا، ئێمە وەک یەپەژە و وەک شەڕڤانی فەرماندە گوڵچیا، بەڵێن دەدەین بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی و درێژەدان بە دۆزەکەی تا کۆتایی».

ف.ق