'ئەشکەنجە بەردەوامە لە ئیمراڵی، تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەین'

دەستپێشخەری سوریایی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند 'سزای دیسپلین' لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامیدانی سیاسەتەکانی ئەشکەنجە و قڕکردنە و داوای فراوانکردنی تێکۆشانی کرد.

دەستپێشخەری سوریایی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا ئەو سزایانەی لە رێگەی پێشێلکردنی یاسا لە ئیمراڵیدا دەسەپێنرێن، دەرخەری سیاسەتی گۆشەگیری سەختن لە ئیمراڵیدا.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە لایەکەوە بانگەشەی پڕۆسەی ئاشتی و قۆناغی دیالۆگ و پەیوەندی مێژینەی نێوان تورک و کورد دەکات، هاوکات لە لایەکی دیکەیەوە پەرە بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەدات لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باشووری کوردستان و شەنگال، ژێرخان وێران دەکات، بەردەوامە لە تیرۆرکردنی کوردان و سزای نوێی دیسپلین بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێنێت."

دەستپێشخەرییەکە داوای گەورەکردنی تێکۆشانی کرد لە چوارچێوەیی هەڵمەتی ئازادی جیهانیدا کە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی دووەمی چالاکیەکانیدایە.

دەستپێشخەری سوریایی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان داوای لە دامەزراوە، ڕێکخستن و ئەنجومەنە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە بەرانبەر هەموو ئەو پێشلکارییە ماف و یاساییەکانی دەوڵەتی تورک کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی دەدات.