ئەو منداڵەی بەر لە پێنج ساڵ دەوڵەتی تورک بە سەختی برینداری کردبوو، ژیانی لەدەستدا

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەر لە ٥ ساڵ لە ناوچەی سنووریی قامیشلۆ هێرشی کردبووە سەر منداڵێک کە سەرقاڵی یاریکردن بوو، منداڵەکە کە بە سەختی بریندارببوو، گیانی لەدەستدا.

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ سەربازانی تورکی داگیرکەر لە گوندی خەرەب کۆرتێ لە سەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستاندا و لە ١٠ کیلۆمەتری رۆژئاوای قامیشلۆ تەقەیان لە پۆلێک منداڵ کرد کە سەرقاڵی یاریکردن بوون. لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژی گولـلەیە منداڵێک بە ناوی عەبدوڵا بارزان فیشەک بەر سکی کەوتبوو. فیشەکەکە زیانی بە بڕبڕەی پشتی و ئەندامانی دیکەی جەستەی ئەو منداڵە گەیاندبوو.

عەبدوڵا بارزان راستەوخۆ گواسترابووە بۆ نەخۆشخانەی فەرمان لە قامیشلۆ، بەڵام دواتر بە هۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی باشووری کوردستان کرابوو. بەهۆی دۆخی داراییەوە بنەماڵەکەی نەیانتوانیبووی تێچووی چارەسەریەکەی دابین بکەن و دوای ١٧ رۆژ گەڕابوونەوە بۆ قامیشلۆ. پزیشکەکان چەند نەشتەرگەرییەکان بۆ کردبوو و دایکی چاودێری چارەسەرە پزیشکیەکانی دەکرد.

بەهۆی بریندارییەکەیەوە زیان بەر چەندین ئەندامی لەشی عەبدوڵا کەوتبوو، لەوانە گەدە، پشت و گورچیلەی.

بەهۆی ئەو زیانانەی بەر ئەندامانی جەستەی کەوتبوو، عەبدوڵا تووشی هەوکردنی چەند ئەندامێکی بووو.

عەبدوڵا بارزانی تەمەن ١٧ ساڵ رۆژی ٢٤ی حوزەیران گواسترایەوە بۆ قامیشلۆ، بەڵام گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی هەر لە قامیشلۆ بە خاکسپێردرا.

هـ . ب