ئەو شەڕڤانەی یەپەژە کە بریندار ببوو، شەهید بوو

فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕایگەیاند، شەڕڤانێکیان بە ناوی ڤەژین ژیان (ھیجران ئەجوز)، کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووز لە ڕووداوێکدا بە سەختی بریندار بوو، شەهید بووە.

فەرماندەیی گشتی یەپەژە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەڕڤانیان ڤەژین ژیان (ھیجران ئەجوز) کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووز لە ڕووداوێکدا بە سەختی بریندار ببوو، شەهید بوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ڕۆحی ژنانی گەنج، هێزی سەرەکییە بۆ درێژەدان و بەرزکردنەوەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا. ئەو شۆڕشەی کە بە ئیرادە و بیردۆزی ژنان بەرەوپێش چوو، جارێکی دیکە بە بەشداری ژنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ بەرەوپێشبردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک گەشتر دەبێت. ژنان لە نێو ڕیزەکانی یەپەژە واتای ھەبوونیان گەیاندە بەرزترین ئاست".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە دا ھاتووە، "هاوڕێمان هیجران ئەجوز، بە ناسناوی ڤەژین ژیان، ساڵی ٢٠٠٠ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە ناوچەی جزیری سەر بە بۆتان لەدایکبوو. وەک ژنێکی گەنج بە چیرۆکی قارەمانەکانی ژنان گەورە بوو، ئەمەش لە کەسایەتیدا لێگەڕینێکی بەدوای ژیانێکی ئازاد ئافراند. ساڵی ٢٠١٥ کاتێک دەوڵەتی تورکی داگیرکەری قڕکەر لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری باکووری کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە هێرشی کردە سەر جزیری بۆتان، ھاوڕێ ڤەژین وەک ژنێکی گەنجی خەڵکی جزیر لە دژی هەموو جۆرە داگیرکاری، دڕندەیی و سیاسەتی چەپەڵ وەستایەوە. ساڵی ٢٠١٦ ڕوویکردە شۆڕشی ڕۆژئاوا و جێگەی خۆی لە ڕیزەکانی یەپەژەدا گرتەوە.

ھاوڕێمان ڤەژین کە وەک ژنێکی گەنج بە بیردۆزی ڕزگارکردنی ئازادیی ژنان، خاوەن ھەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بوو و بە ھەڵوێستی لە نێو ڕیزەکانی شۆڕشدا، گوزارشتی لە ڕۆحی گیانبازی کرد، ڕۆژی ٢٧ی تەمووز، کاتێک لەسەر ئەکەکەی بوو، لە ئەنجامی ڕووداوێک کە لە شاری حەسەکە ڕوویدا، لەگەڵ هاوڕێکانی حەسنا موسا محەمەد (ئاڤاشین جودی)، هیبا عەبدولقادر بەکر (هیبا حەسەکە)، بێریڤان عەبدول خەلەف (بێریڤان حەسەکە)، ئەمینە نەبۆ سلێمان (دلار کۆبانێ) و شێرین عەلی (ئادار جودی) بریندار ببوو و سەربای ھەموو ھەوڵە پزیشکییەکان، ڕۆژی ٧ی ئاب بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەھید بوو.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەو بەڵێن و پەیمانەی بە دۆزی شەهیدان دەدرێت، بەڵێن و پەیمانێکی پیڕۆزە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ھەموو گەلی وڵاتپارێزمان، بەتایبەتی بنەماڵەی هاوڕێی بەنرخمان دەکەین. تا ئەو کاتەی ئازادی وڵات مسۆگەر دەبێت، تێکۆشانمان بێ وچان بەردەوام دەبێت.

ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکەمان بەم شێوەیەیە:

ناسناو: ڤەژین ژیان

ناو و پاشناو: هیجران ئەجوز

ناوی دایک: نەورۆز

ناوی باوک: بەهرام

کات و شوێنی لەدایکبوون: ٢٠٠٠، جزیر

کات و شوێنی شەهیدبوون: ۰۷.۰۸.۲۰۲۳، حەسەکە

ژ.ن