ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ١٤ منداڵ و ژنی سەربە داعشی رادەستی کەنەدا کرد

دوابەدوای سەردانی شاندێکی کەندی بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ١٤ ژن و منداڵی سەر بەداعش رادەستی حکومەتی ئۆتۆوا کرایەوە.

پێگەی فەرمی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەواڵێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە سەردانی وەفدێکی کەنەدی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٥ ـی نیسانی ٢٠٢٣، وەفدەکە چاویکەوت بە بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە).

وەفدەکە پێکهاتبوون لە بەرپرسی بەشی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکان و بەرپرسی باڵای ئاسایشی وەزارەتی دەرەوە سیباستیان پۆلیۆ، هەروەها بەڕێوەبەری بەشی سووریا لە کۆنسوڵخانەی کەنەدی لە لوبنان ڕاستا دائی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکانی وەزارەتی دەرەوە یانیک لامۆند.

هەریەک لە جێگری هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە روبیل بەحو، ئەندامی دەستەی ئیدارەی لە فەرمانگەکە خالید ئیبراهیم، هەروەها نوێنەری یەپەژە لانە حوسێن، پێشوازییان لە وەفدەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە دۆخی سیاسیی سووریا بەگشتی و دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت کرد، لەگەڵ دۆخی مرۆیی و ئابووری و ئاسایشی لە ناوچەکە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، روبیل بەحو، سەبارەت بە دوایین کۆبوونەوە لە مۆسکۆ و ڕەوتی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو ڕژێمی تورکیا و سووریا، گوتی: «هەر پرۆسەیەکی ڕێککەوتن بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵوێستی سوورییەکان و دۆخی بژێویی هاوڵاتییان، بەبێ باسکردن لە کۆی پرۆسەی سیاسی، بەگوێرەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٢٥٤، مانای گەڕاندنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکانی سووریایە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، هاوکات درێژکردنەوەی تەمەنی قەیرانی سووریا بۆ دەیان ساڵی تر، ئەمەش لێکەوتی خراپ و ئەنجامی کارەساتباری دەبێت».

روبیل بەحو دووپاتی کردەوە «هەڕەشەکانی تورکیا هێشتا بەردەوامن لەشێوەی بۆردوومانی ڕۆژانە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەڕێگەی درۆن و تۆپهاوێژەکانەوە پێگە ژیانی و ئابوورییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری بۆردوومان دەکەن».

بەحو بانگەوازی هێزە نێودەوڵەتییەکانی کرد «بۆ وەستاندنی ئەو دەستدرێژییانەی لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕوودەدەن، وەک پرۆسەکانی کوشتن و دەستگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی، دوایین پرۆسەش، کوشتنی چوار هاوڵاتی سەر بە خێزانێکە بەپاساوی ئاگرکردنەوە لە ڕۆژی نەورۆزدا».

هەروەها بەحو وتی: «سەرەڕای هەموو دۆخە دژوارەکانی ناوچەکە، بەڵام ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا و هەموو ئەو دەوڵەتانەی هاوڵاتی و مناڵەکانیان لە ناوچەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری ماونەتەوە».

بەرپرسی بەشی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکان و بەرپرسی باڵای ئاسایشی وەزارەتی دەرەوە سیباستیان پۆلیۆ گوتی: «کەنەدا سوپاسگوزارە بۆ هەماهەنگییەکانی ئیدارەی خۆسەریی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا، درک بە هەوڵەکانی دەکات لە فەراهەمکردنی چاودێری بۆ دەستبەسەرکراوەکان سەرباری دۆخ ئاسایشیی دژوار و هەلومەرجە نالەبارەکان». 

هەروەها پۆلیۆ وتی: «دەمەوێت ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ سەرەخۆشی لەو ناوچانە بکەم بەهۆی دوایین کارەساتی بومەلەرزەوە زیانیان پێگەیشت کە بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە و مردنی ژمارەیەک هاوڵاتی».

کۆبوونەوەکە بە ڕادەستکردنی ٤ ژن و ١٠ منداڵی سەر بە داعش لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەگوێرەی پەیماننامەی فەرمی ڕادەستکردن لەنێوان ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەوڵەتی کەنەدا، کۆتایی هات.