ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەوانان شەرمەزار دەکات

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانانی ژن تیڤی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار دەکات، بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە یاسایی و پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێگە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بگرن.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلێکی ژن تیڤی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە، کە بەهۆیەوە کارمەندێک شەهید و ڕۆژنامەوانێکی ژن بریندار بوو.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتە سورییەکانی بەردەوامن لە کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەموو پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ململانێکاندا و پاراستنیان لە هێرشی لایەنەکانی ململانێ.

هێشتا دەوڵەتی تورک لە دادگاکاندا پاساوی "شەڕی تیرۆر" بەکاردەهێنێت، وەک بەڵگەیەک بۆ تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەوانان، بەڵگەکانیش خۆیان لە پۆستەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەواڵ و وتار و ڕاپۆرتی تیڤی دەبینێتەوە".

هەروەها دەڵێت: "بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئازادی ڕۆژنامەوانی جیهانی کە لەلایەن پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢، لەنێو ١٨٠ دەوڵەتدا، تورکیا پلەی ١٤٩ ی گرتووە.

یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣، کوژرانی ٦ ڕۆژنامەوانی لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا تۆمارکردووە، دواهەمینیان بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانی کوردی سوری عیسام عەبدوڵایە (پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار و ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندن).

هەروەها هاتووە: "لە پێشێلکارییەکی ڕووندا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٣، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبیلێکی ڕۆژنامەوانانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کردە ئامانج، ئەمەش لەپێشچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ، کە تەنها وەک چاودێرێک لەم تاوانانە دەڕوانن".

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەم هێرشە شەرمەزار دەکات، هەروەها بانگەواز دەکات "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە یاسایی و پەیوەندیدارەکان دەستوەردان بکەن و سنوورێک دابنێن بۆ تاوانەکانی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هەروەها لێپرسینەوە بکەن لەو پێشێلکارییانەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن دەرهەق بە گەل و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچە داگیرکراوەکانی تری نێو خاکی سوریا".