ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەسازیی دەکات بۆ پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی جەزیرە لەمڕۆوە باری لەناکاوی ڕاگەیاند بۆ پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەرزی دروێنەدا.

کۆمیتەی باری لەناکاوی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جەزیرە ئەمڕۆ کۆبووەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی میکانیزمەکان بۆ پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە وەرزی دروێنەدا.

پاش کۆبوونەوەکە، لەڕێگەی گشتاندنێکەوە باری لەناکاو ڕاگەیەندرا.

لە گشتاندنەکەدا هاتووە:

«لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی کۆمیتەی باری لەناکاو لە ٣٠/٥/٢٠٢٣، سەبارەت بە پاراستنی وەرزی دروێنە لە هەرێمی جەزیرە، بە ڕەچاوکردنی دەستپێکردنی وەرزی دروێنە و زیادبوونی مەترسی سوتانی بەروبوومەکان؛ هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی جێبەجێکردنی هەرێمی جەزیرە لە ڕۆژی سێشەممەوە ٣٠/٥/٢٠٢٣ تا کۆتاییهاتنی وەرزی دروێنە، حاڵەتی لەناکاو و ئامادەباشی ڕادەگەیەنێت، هەموو کۆمیتەکانی باری لەناکاو و دامەزراوەکان لە حاڵەتی ئامادەباشییدا دەبن بۆ پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە سوتان و مەترسییەکانی تر.

هەروەها داوا لە هەموو جووتیاران و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، لە ئامادەباشی و ئێشکگرییدا بن، لەپێناو پاراستنی بەروبوومەکانیان تاوەکو وەرزی دروێنە بەبێ هیچ زیانێک کۆتایی بێت».

ف.ق