"ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت_نەتەوە و زامنی مافی گەلانە"

بەشداربووانی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لۆزان، جەختیان کردەوە لە بایەخی پارادایمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەباشترین نموونەیان زانی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەلی کوردستان.

لە درێژەی کارەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان لە شاری حەسەکە، بە بەشداری ١٥٠ کەسایەتی سیاسی لە ڕۆژئاوا و سەرتاپای کوردستان و جیهانەوە، دانیشتنی شەشەم کۆتایی هات.

دانیشتنەکە بە ناونیشانی "تێپەڕاندنی لۆزان و چارەسەری نموونەیی" بە سەرپەرشتی ئەندامی مەجلیسی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەستێر قاسم بەڕێوەچوو، بەشداربووان باسیان لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و پارادایمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد.

تەوەری یەکەم بەناونیشانی "نەتەوەی دیموکراتیک وەک ڕێگەچارەی پرسی کورد و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراسیانە لەگەڵ گەلانی تر"، لەلایەن بەڕێوەبەری ناوەندی دیپلۆماسی جڤاکی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نورشان حوسێن، پێشکەشکرا.

تێیدا ئاماژەی کرد بە بناغە تیۆری و فەلسەفی و ئەخلاقییەکانی نەتەوەی دیموکراتیک، گوتی: "تەنها کوردەکان قوربانی ئەم پەیماننامەیە نەبوون، بەڵکو هەموو گەلانی هەرێمەکە قوربانی بوون".

هەروەها گوتی: "پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئۆجالان ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت نەتەوە و شۆڤێنیزمە، دەرکەوت هیچ دەوڵەتێک دیموکراسی لەخۆناگرێت، وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت، دەوڵەت لە جەوهەردا سڕینەوە دیموکراسییە و دامەزراندنی شتێکە لەسەر حسابی ئازادی گەلان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەوڵەت بۆتە ئامرازێک بۆ گەمارۆدانی جڤاکەکان لەنێو زیندانێکی مەزن و کەرەستەی نانەوەی شەڕ، هەروەها لەنێو ئەم دەوڵەتانە کێشەی ناسنامە هەیە، ناتوانن کەسێتییەکی گونجاو بدۆزنەوە، دەتوانین بڵێین خودی دەوڵەت قەیرانە".

دووپاتی کردەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە سەرچاوە دەگرێت و باشترین نموونەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.

لای خۆیەوە، جێگری هاوسەرۆکی مەجلیسی بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، حەمدان عەبد، لە تەوەری دووەم تیشکی خستە سەر پاڵنەرەکانی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لەگەڵ جیاوازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە پارادایمەکانی تر و پارادایمی دەوڵەت نەتەوە.

عەبد ئاماژەی کرد بە فۆرمی ڕێکخستن و چۆنێتی بەڕێوەبردن و بەشدارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، گوتی: "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەلایەن کۆمەڵێک هێز و پارت و گرووپی جڤاکی پێکهات لەپێناو ئافراندنی زەمینەی یەکڕیزی جڤاکی و ئابووری و فەراهەمکردنی ئاسایش و ئابووری، هاوشان لەگەڵ ئاوەدانکردنەوە و ڕێکخستنی جڤاکی، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی".

بەشداربووان بە کۆمێنتەکانیان جەختیان کردەوە لەوەی، پارادایمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پارێزەری مافی گەلانە و بەتایبەتی گەلی کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

دانیشتنی شەشەم بە ڕێزلێنان لە بەشداران و بەڕێوەبەری دانیشتنەکان و بەشێک لە میوانان، کۆتایی هات؛ خەڵاتەکەش بریتی بوو لە قەڵغانێکی نەخشاو بە نەخشەی کوردستان.

بڕیار وایە، بەشداران، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان هەبێت، ڕاگەیاندراوەکەش چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەک دەگرێتەخۆ تا لە پاشەڕۆژدا پشتی پێ ببەسترێت.