ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چۆن دامەزرا؟

شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێی ناوەتە دوانزەهەمین ساڵییەوە، لەم ساڵانەدا لە لایەکەوە ئەم هەرێمانە لە هێزە هەژموونگەرەکان ڕاماڵران و لە هێرشی ئەو هێزانە پارێزران، لە لایەکی تریشەوە، دەستیان کرد بە دامەزراندنی ڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی.

بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر پاش دە ساڵی شۆڕش، مانەوەی شۆڕش و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی وەک ئامانجی خۆیان دەبینن.

ئەم سیستەمە لە بواری سیاسییەوە و تەنانەت کولتور و ئابووریی و ژنانیشەوە پارێزرا، ئامانجەکەش ئەوەیە کۆمەڵگە ڕێکبخرێت و ئەو بۆشاییە بە خزمەت پڕ بکرێتەوە.

ئەم سیستەمە چۆن ڕەنگڕێژ کرا و چۆن گەیشتە ئەم قۆناغە؟

سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر چۆن دامەزرا؟

لە ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٢ هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئەم هەرێمانە دەرپەڕێنران و سیستەمی خۆپاراستن درووست کرا، زەمینەیەکی سیاسیی باش لە ناوچەکە هەبوو، پارت و لایەنە سیاسییەکان لە نێو جۆڵانەوەکەدا بوون، ئەودەم پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان هەبوون، چەند ڕۆژ پێش شۆڕشەکە بەرەیەکی باڵای کوردیی دامەزرابوو. ئەرکی ئەمە ڕیکخستنی هەماهەنگی هێزەکانی هەرێمەکە بوو. بە گشتیی ئەزموونێکی مێژوویی تێکۆشانی سیاسیی هەبوو.

بەڵام ئەو شتەی بۆ جاری یەکەم دامەزرا و بووە نمونە سەرمەشق، دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر (خۆبەڕێوەبەری) بوو. ئەم سیستەمە بەپێی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان خۆی ڕەنگڕێژ دەکات، ئەمە بۆ کوردان و پێکهاتەکانی هەرێمەکە بووە جێی دڵخۆشیی. بۆ جاری یەکەمە گەل لە بوارەکانی پاراستن و پەروەردە و ڕیکخستندا خۆی بەڕێوە ببات.

هەنگاوی یەکەم بریتی بوو لە دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل (٢٠١٢) لە هەرێم و شار و شارۆچکە و گوندە ڕزگارکراوەکان، لەم هەرێمانەدا گەل لە ڕێی کۆبوونەوە و خولی پەروەردەیی لە گرنگی خۆبەڕێوەبردن لە هەموو ڕەهەندەکانەوە تێ گەیشت. لەو قۆناغەدا شاپرسی گرنگ مژاری ئاسایش بوو، بەم پێودانگە گەل لە ڕێی دامەزراندنی سیستەمێکی خۆپاراستن یەکەمین هەنگاوی خۆی نا و چەند کۆمینێکی بچووکی پاراستنی درووست کرد.

مژارێکی گرنگتر، پێشخستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمەکان بوو، کە بەهۆی سیاسەتەکانی سیستەمی دەسەڵاتدارێتییەوە لێکهەڵبڕا بوون. لە بواری پێشخستنی ئیرادەی ژن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییشدا هەنگاوە سەرەتاییەکان هاوێژران.

یەکێک لە دامەزرێنەرانی ماڵی گەل، شاهی خەلیل دەڵێت: ''ماڵی گەل یەکێکە لەو پێوانە سەرەکییانەی شۆڕشەکەمانی لەسەر دامەزرا. وەک بنەمای سەرەکی ڕیکخستنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لێی هەڵڕوانرا. بەم پێودانگە، بۆ یەکگرتەنەوەی گەل و گەڕاندنەوەی ژیانی کۆمیناڵ و ڕیکخستنی کۆمەڵایەتیی لە گۆڕەپانەکانی پەروەردە و ئابووریی و خزمەتگوزاریی و فیکریی و چارەسەریی ناکۆکییەکانی گەل تێکۆشاین.''

کۆمین

لەگەڵ پێشکەوتنی خەباتی ماڵی گەل ئیتر پێکهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەرییش شێوە و شکڵ دەگرێت. بەم ڕەنگە ماڵی گەل دەگۆڕێن بۆ کۆمینەکان کە شێوەڕیکخستنێکی فراوانتریان هەیە.

بەم ڕێبازە لە گەڕەک و گوندەکان بە هەزاران کۆمین دامەزران، لە ژێر چەتری کۆمینەکاندا کۆمیتەکانی ئاشتەوایی و پەروەردە و پاراستن و تەندرووستیی و دارایی و چاند و ئابووریی و خزمەتگوزاریی مشتوماڵ دران، ئەندامانی هەر کۆمیتەیەک بۆ ئەنجامدانی پڕۆفیشناڵانەی کارەکانیان لە پەروەردەکاندا بەشدار دەبوون، هەروەها کۆمینی تایبەت بە ژنان و گەنجان دامەزران.

پاشان کۆمینەکان و کۆمیتەکانی بوونە لقی سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر، دواتر هەر کۆمینێک بوو بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ. بۆ نموونە؛ کۆمیتەکانی پاراستنی کۆمینەکان پاشتر بوونە هێزی پاراستنی جەوهەریی.

محەمەد عەلی مسەوەر هاوسەرۆکی کۆمینی شەهید ڕووناک لە گەڕەکی کۆڕنیشی قامیشلۆ ڕایگەیاند؛ کە کۆمین بۆ گەلی هەرێمەکە هێشتا وەک فێرگەی کۆمەڵگەیە و شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی پێکهاتەکانی هەرێمەکە، هەروەها وتی: ''ئیمە هەوڵ دەدەین پێشوازیی لە پێویستیی و داواکاریی گەل  بکەین و تەنگەژە کۆمەڵایەتیی و خزمەتگوزارییەکانیان چارە بکەین.''

ئەنجومەن

کۆمینەکان لە نێو ئەنجومەندا بە ئەرکی خۆیان هەڵسان، بوون بە چەترێکی ڕیکخستنیی پانوپۆڕتر و بەرزتر و لە شێوەی ئەنجومەندا خۆیان ڕێکخست، لەم چوارچێوەیەدا ئەنجومەنەکانی گەڕەک و شار و گوند دامەزران، ئەنجومەن لە نوێنەری کۆمینەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک شارەوانیی و دامەزراوەکانی خۆپاراستن پێکهات.

بۆ ئاسانکاریی، ئەنجومەنی گەڕەک تێکەڵکران و ئەنجومەنی شارەکان دامەزران، لە ناوچە و شارۆچکەکانیشدا هەنگاوی بەم ڕەنگە هەڵهینران.

لە کانوونی ٢٠١٣ـدا یەکەمین کۆنفرانسی مەجلیسی شار و ناوچە و شارۆچکەکان بەستران، بڕیار درا سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی بۆ ئەنجومەن و کۆمینەکان جێگیر بکرێت.

بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر

پاش ٢٠١٣ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دامەزرا و پەیمانی کۆمەڵایەتیی ئامادە کرا، لە پەیمانەکەدا زمانەکانی کوردیی و عەرەبیی و سریانیی و وەک زمانی فەرمی پەسەند کران و ڕێ بۆ پێکهاتەکان خۆش کرا تا پێکهاتەکان زمانی خۆیان فێر بن.

بەپێی پەیمانەکە ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنان لە دامودەزگاکاندا لانیکەم بە %٤٠ دیاریی کرا و ئاماژە بەوە کرا کە دەبێت پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمەکە لە نێو سیستەمی ڕێوەبەریی خۆسەردا جێگیر بن.

بەپێی پەیمانی کۆمەڵایەتیی، سیستەمی ڕێوەبەریی خۆسەر لە سەر هەرسی پایەی ئەنجوومەنی یاسادانان و ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی و دادگای باڵا دامەزرا.

پاش ئەمە، بەپێی پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە هەرێمەکە بۆ سەر کانتۆنەکان دابەش کرا و ئەنجوومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە ئاوا کرا، هەروەها ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی کانتۆنی جزیرە، کە بە فەرمی لە ٢١ـی کانوونی دووەم ڕاگەیەنرا، دامەزرا، ئەکرەم حەسۆ وەک یەکەمین سەرۆکی مەجلیسی ڕێوەبەریی هەڵبژێردرا.  

لە ٢٧ و ٢٩ـی کانووی دووەمیش لە کانتۆنەکانی کۆبانێ و عەفرینیش هەمان هەنگاو هەڵهێنرا.

لە سۆنگەی پارچەبوونی جوگرافیی هەرسێ کانتۆنەکە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەرسێ هەرێمەکەدا نەبوو، بەڵام هەماهەنگییەک بۆ هەرسێ هەرێمەکە هەبوو.

هەروەها لە ژیر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا و بەپێی پێویستیی هەر کانتۆنێک، دەستە دامەزران.

سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی لە سۆنگەی ماڵی گەل و کۆمین و مەجلیسەکانەوە گەشەی کرد.

لە ساڵی ٢٠١٦ـدا هەماهەنگیی بەڕێوەبەریی خۆسەریی هەر سێ کانتۆنەکە گۆڕا بۆ فیدراڵیزمی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا ئەنجوومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە دانی بە دامودەزگا و دەستەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا نا. هەروەها ئەنجوومەنەکە بەرزکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنی لە ٤٠% بۆ %٥٠ پەسەند کرد.

پاش ساڵی ٢٠١٥ هەرێمەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر فراوان کران، گرووپە چەتەکانی دەسکەلای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەرێمەکانی ڕەقە و تەبقا و دێرزۆر و گرێسپی و مەنبەج دەرپەڕێنران و بەم ڕەنگە بەڕێوەبەریی هەنگاوێکی تری بۆ پێشێ نا، پاش ئەم گەشەسەندنە لە ٦ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەنرا.

بەڕێوەبەریی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرسێ هەرێمی جزیرە و فوورات و عەفرین پێک هات، لە هەر کانتۆنێکدا ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی و یاسادانان هەن، هەر ئەنجوومەنێکی یاسادانان یاساکانی پێکەوەژیانی هەرێمەکەی خۆی دەنووسێتەوە، هەروەها ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی گشتیی بەڕێوەبەریی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەینووسێتەوە، بۆ گشت هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگشتێنرێت.

هـ . ب