ئیدریس موسا: بۆ ئەوەی ببینە سیخوڕ هەڕەشەمان لێدەکەن

ئیدریس موسای خەڵکی عەفرین، سەرەتا بنەماڵەکەی لە تورکیاوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ سوریا و دەستگیردەکرێن، ئێستاش لەلایەن تورکیاوە هەڕەشەی لێدەکرێت.

ئیدریس موسا و بنەماڵەکەی کە خەڵکی گوندی چەقماقەی بچوکی سەربە ناوچەی راجۆی عەفرینی داگیرکراون، وەک هەزاران کەس لە دانیشتوانی عەفرین لە کاتی هێرشەکانی ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨دا ئاوارەبوون. بۆ ئەوەی بچنە ئەوروپا سەرەتا روودەکەنە تورکیا و لە ئیستەنبوڵ نیشتەجێ دەبن.

ئیدریس لە رێگەی قاچاخەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ روویکردە ئەوروپا.

ئیدریس بەم جۆرە چیرۆک و بەسەرهاتی خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) گێڕایەوە: "مانگ و نیوێک دوای رۆیشتنی من، لە رێگەی تەلەفونەوە ئاگادار کرامەوە کە هاوسەرو منداڵەکانم لەلایەن هەواڵگریی تورکەوە دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئاسایشی ئیستەنبوڵ و لەماوەی چەند رۆژدا دەیانگەڕێننەوە بۆ سوریا. دوای ئەوە هیچ هەواڵێکم لە بنەماڵەکەم نەبوو. پاش چەند رۆژ سەرلەنوێ تەلەفونم بۆ کرایەوە. کەسێک بە تورکی قسەی دەکرد و یەکێکی دیکەش وەریدەگێڕایەوە سەر کرمانجی. دەیانگوت 'دۆخی بنەماڵەکەت باشە، بەڵام دەبێت تۆ و بنەماڵەکەت کارمان بۆ بکەن. بەتایبەتی بنەماڵەکەت کە لە شەهبان'. دوای ئەوەی وتم کاری لەو جۆرە ناکەم، ناوە ناوە دەنگی منداڵەکانمیان دەنارد و لە کۆتاییشدا پێیان دەگوتم 'ئەگەر تۆ و بنەماڵەکەت کە لە شەهبان کارمان بۆ نەکەن ئەوان ئازاد ناکەین'.

ئیدریس موسا باسی لە بنەماڵەکەی کرد و وتی، "ئەندامانی بنەماڵەکەم ئەمانەن: هاژینەکەم دیجلە جەمال بەکر، خەڵکی گوندی مەروانی خوارووی ناوچەی شیێیە. منداڵەکانم ماریا ئیدریس موسا، مەروان ئیدریس مودا، محەمەد عەلی ئیدریس موسا و میرا ئیدریسن".

ئیدریس لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە "بەجارێک پەیوەندیم بە بنەماڵەکەمەوە پچڕا. بەڵام دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات دیسان کەسێک قسەی لەگەڵ کردم و باسی لەوەکرد کە بنەماڵەی من لە زیندانی حوات کلسی هەواڵگری تورکیا لە عەزازن. لەرێگەی ئاژانسەکەتانەوە داوا لە هەموو رێکخراوە مرۆییە پەیوەندیدارەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم کە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لە عەفرین روودەن هەڵوێستیان هەبێت و هەنگاو بنێن".

دەزانرێت کە دوای ئەوەی دانیشتوانی عەفرین بەرەو شەهبا کۆجبەر بوون، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر هەرێمی شەهبا و هەڕەشە دەکەن. بەڵام بەرخودان شەهبا بێ پسانەوە بەردەوامە و لەبەر ئەوەش دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەرخودانی شەهبا تێکبشکێنێت.

هـ . ب