ژنانی گەنج هێرشی گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار دەکات

یەکێتیی ژنانی گەنج هێرشی ڕژێمی ئێران بە گازی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەی کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار دەکات، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاپەڕینەکە دووپات دەکاتەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن خلود محەمەد، ئەندامی نووسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیاوە خوێندرایەوە لەبەردەم دەرگای بەغداد لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتییەکە، تێیدا هاتووە: «هێزە هەژموونگەراکان و هێزە ئیمپریالیستەکان دەخوازن جیهان بەگوێرەی ڕوانگەی خۆیان بسازێنن»، ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درکی کردبوو بەم حساباتە قێزەونەی «هێزە هەژموونگەراکانی جیهان، هەروەها ستراتیژێکی داڕشت لەپێناو ژنان و چەوساوەکان، ڕێگەی سەرکەوتنی پیشاندان، ڕێگەکەش ڕاپەڕینی ژنە دژی ئەم هێزانە و داواکردنی مافی دادپەروەری و یەکسانی».

ڕاگەیاندراوی یەکێتییەکە ئاماژە دەکات بەوەی «هێزە هەژموونگەراکان دەیانەوێت ژن بە کۆیلایەتی و لاوازی و دوور لە هەموو بوارەکانی ژیان بمێنێتەوە».

هەروەها باس لە سیاسەتی سەرکوتکاری دەوڵەتی ئێران دەکات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرپابوو لە بەرئەنجامی تاوانی کوشتنی کیژۆڵەیەکی کورد بەناوی ژینا ئەمینی (٢٢ ساڵ) لەسەر دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بە پاساوی نەپۆشینی حیجاب.

یەکێتیی ژنانی گەنج دووپاتی دەکاتەوە، ئەوکاتەی دەوڵەتی ئێران ویستی ڕاپەڕینەکە سەرکوت بکات، هەموو گەل پێکەوە وەستان لەژێر درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، هەروەها زایەڵەی ئەم ڕاپەڕینە بە ڕێبەرایەتی ژنان گەیشتە تەواوی جیهان.

سەبارەت بە هێرشکردنە سەر خوێندکارانی کچ بە گازی ژەهراوی، یەکێتییەکە گوتی: «ئەمە یەکەمجار نییە ئەم حاڵەتانە ڕووبدەن»، ڕوونی دەکەنەوە، ڕژێمی دەوڵەتی ئێران دەیەوێت دەنگی ژنان کپ بکات لەپێناو بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە دڵی خوێندکارانی بەشداربووی ڕاپەڕینەکە.

لەپاڵ شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە دژ بە کچانی قوتابخانە و زانکۆکان و ژنان بەگشتی، یەکێتییەکە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

دووپاتی دەکەنەوە «ئێمە لەم خەباتەدا لەگەڵتانین و لەسەر ڕێگەی شەهیدانی فیداکار دەچینە پێش، پێکەوە تێدەکۆشین تا بەدیهاتنی ئامانجەکانمان بۆ ئازادی هەموو ژنان، بڕوامان وایە، سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان، وەک ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان گوتویەتی».

ف.ق