ژنانی ھەرێمی فورات لە پێناو ژنانی شەنگال و ئەفغانستان ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد

لە چوارچێوەی کەمپینی کەژەکە بۆ پشتیوانی کردن لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان، هەزاران ژن لە کۆبانێ ڕژانە گۆڕەپانەکان و بە دروشمی "لە دژی جینۆسایدی ژنان، ژیانێکی ئازاد دەخۆڵقێنین" ڕێپێوانیان کرد.

هەزاران ژن لە ھەرێمی فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "لە دژی جینۆسایدی ژنان، ژیانێکی ئازاد دەخۆڵقێنین"، بۆ پشتیوانی کردن لە ژنانی شەنگال و ئەفغانستان لە کۆبانێ کۆبوونەوە.

ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد تاکوو گۆڕەپانی ئاشتی ڕێپێوانیان کرد.

لە چالاکییەکەدا وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و لافیتەکانی کە لەسەری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نووسرابوو، بەرزکرایەوە.

دوای ڕێپێوانەکە گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو و بە خولەکێک بێدەنگی یادی گیانبەختکردووان بەرزڕاگیرا.

لای خۆیەوە فریاز بەرکەل، هاوسەرۆکی دەستەی دارایی هەرێمی فورات ڕایگەیاند، "دوێنێ شەنگال ئەمڕۆش ئەفغانستان".

فریاز بەرکەل وتیشی: "لە دژی جینۆسایدی ژنان، ژیانێکی ئازاد دەخۆڵقێنین". ئەمە بەڵێنی هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. بەم هەڵوێستە دەنگی ژنان دەگەیەنینە هەموو جیهان. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، لە شەنگال کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژییە، ویستیان لە کەسایەتی ژندا ئازادی لەناوببەن. هەربۆیە سەرەتا هێرشیان کردە سەر ژنان و بەوشێوەیەش هەوڵیاندا دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر بکەن."

فریاز بەرکەل بەبیری هێنایەوە، کە لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١شدا، هێرش کرایە سەر ژنانی ئەفغانستان و هێرشەکەی ئەفغانستانیش هاوشێوەی هێرشەکەی شەنگال لە دژی ژنان ئەنجامدرا.

وتیشی: ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی ئەقلییەتی پیاوسالاری دەوەستینەوە، ھەر وەک چۆن ژنانی شەنگال ڕاپەڕینیان کرد و ئازادی خۆیان مسۆگەر کرد".

ژ.ن