حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک هێرشەکانی تورکیا ئیدانە دەکەن

بەشێك لە حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک ئیدانە و سەرکۆنەی پەلامار و هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان کرد بۆسەر خاکی باشوری کوردستان.

لەم هێرشەدا رێککەوتنێک هەیە لە نیوان ئێران و تورکیا

محەمەد نەسرەدین سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان و هۆکاری فراوانبوونی هێرشەکانی تورکیا، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: " ئەوەی ئیستا دەیبینین تەنها ئەلقەیەکە لە بازنەی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بەرامبەر کوردستان ئەنجامی دەدات، ئەم هێرشەی ئەم جارەی تورکیا فراوانتر بووە بەراورد بە هێرشەکانی پێشوتر ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تورکیا سوودی لە ناکۆکی سیاسی ناوچەکە وەرگرتووە، دەبینین لەم هێرشانەدا هەماهەنگیەک و رێککەوتنێک هەیە لە نیوان ئێران و تورکیادا لەم هێرشانە دژ بە گەلی کورد."

ئێران و تورکیا سوودیان لە ناکۆکی نێوان ماڵی کورد بینیوە

هەروەها سەبارەت بە بێ دەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ووڵاتانی زلهێز بەرامبەر ئەم هێرش و پەلەمارەی دەوڵەتی تورک، محەمەد نەسرەدین ڕاشگەیاند: "لە ئیستادا هەست بە بێ دەنگییەکی مەترسیدار دەکەین لەلایەن زلهێزەکانی ناوچەکە، هەروەها لە باشوری کوردستان هەست بە بێ دەنگیەکی قوول دەکەین لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و تورکیا سوودیان لە ناکۆکیی نێوان ماڵی کورد و کێشە سیاسیەکانی ناوچەکە بینیوە، بۆیە پێم وایە ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە هێرشی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر دژ بە گەلی کورد."

داگیرکەرانی کورد بە بەکارهێنانی هێز ناگەنە ئامانجەکانیان

سەبارەت چارسەرکردنی کێشەکان و هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەم هێرش و پەلەمارەی تورکیا، محەمەد نەسرەدین ئەوەشی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەم هێرشانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکەین، مێژوو سەڵماندوویەتی چارەسەرکردنی کیشەی نەتەوەیەکی مافخوراو لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە چارەسەر ناکرێت، ئەم جارەش وەکو جارانی پێشوو داگیرکەرانی کورد بە بەکارهێنانی هێز ناگەنە ئامانجەکانیان."

بەتوندی ئیدانە دەستدرێژی دەوڵەتی تورکمان کردووە

شوان محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبی زەحمەتکێشان، سەبارەت بەو هێرشەی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشان لە هێرشەکە، ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: " ئێمە وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر لەدوای ئەنجامدانی هێرشەکانی تورکیا لەگەل سێ حزبی دیکە بەیاننامەیەکی هاوبەشمان دەرکرد و تیدا بەتوندی ئیدانە دەستدرێژی و هێرشی دەوڵەتی تورکمان کردووە.''

هەوڵیدا زۆرترین کورد بکوژێ

هەروەها شوان محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە ئامانجی تورکیا لەم هێرشە ڕاشیگەیاند: ''هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەرۆغان حزبەکەی تووشی قەیران هاتوون لەناوخۆی تورکیا دەیانەوێت  قەیران دروست بکەن لە ناوچەکە و سوود لەو قەیرانانە وەربگرن، تورکیا بەم هێرشە بەرفراوانەی هەوڵیدا زۆرترین کورد بکوژێ بەلام ئامانجەکەی نەهاتە دی."

پێویستە حزبە کوردیەکان هەڵوێستی توندیان هەبێت

بەداخەوە تا ئیستا هیچ کاردانەوەیەکمان لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو پێویست دژ بەم هێرشەی تورکیا، نابێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوپۆشی بکات دژ بەو هێرشانەی دژی گەلی کورد ئەنجامدەدرێت، پێویستە حزبە کوردیەکان هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر ئەم هێرشانە بەتایبەتی دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک کۆماری عێراق کە کوردە پێویست بوو هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە."

شکاندنی کەرامەت و سەروەری هەموو تاکێکی باشوری کوردستان و عێراقە

سەبارەت بە دەستپێکرنی ئۆپراسێۆن و بۆمباران کردنی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: " وەکو ئاگادارین دەوڵەتی تورک چەند رۆژ لەمەوبەر ئۆپراسیۆنی (چنگی هەڵۆ)ی ڕاگەیاند و سێ رۆژ لەمەوبەر دەستی کرد بە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستان و عێراق، ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی ئەم هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پێشەلکارییەکی راستەوخۆی سەروەری عێراق دەبینین بەگشتی و پێشەڵکردنی سەروەری هەرێمی کوردستانە بە تایبەتی، ئەم پێشەڵکارییە تەنها پێشەڵکارییەکی یاسایی نیە بەلکو شکاندنی کەرامەت و سەروەری هەموو تاکێکی باشوری کوردستان و عێراقە."

پێویستە رێکاری توندی نێودەوڵەتی بگرنە بەر دژ بەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرش و پەلەمارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری توندی نێودەوڵەتی بگرنە بەر دژ بەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک دەکەین بۆ سەر باشوری کوردستان و عێراق."

ئەم هێرشەی تورکیا هاوکاتە لەگەل چربوونەوەی هێرشەکانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان 

لە کۆتایدا دەربارەی هەوڵی گۆرینی دیموگرافیای ناوچە جێناکۆکەکانی باشوری کوردستان لە رێی ئەنجامدانی هێرشی داعشەوە و هاوکات بوونی لەگەل هێرشەکانی تورکیا، کۆمەڵ سەرمەد ووتی: " ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی پێمان وایە چربوونەوەی ئەو هێرش و لەشکرکێشیانەی دەوڵەتی تورک هاوکاتە لەگەل چربوونەوەی هێرشەکانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان  بەتایبەت گوندە کاکەییەکان دەکرێنە ئامانج لەم ماوەیەدا و کاکەیی نشینەکان شەهید دەکرێن، ئەم هێرشانەی داعش بۆ سەر کاکەییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەل هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەهەمان عەقلیەت ئەنجامدەرێت ئەمەش هەوڵێکی کۆمەڵکوژی و گۆرینی دیموگرافیایە پڵان بۆداریژراوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە."

ژ.ت