گروپێکی حەشدی شەعبی ڕێگری لەکردنەوەی قەیسەری کەرکوک دەکەن

بەوتەی دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری کەرکوک گروپێکی سەربە حەشدی شەعبی هاتونەتە سەر بازاڕەکە و ڕێگری لە کردنەوە دوکانەکان دەکەن.

بازاڕی قەیسەری شاری کەرکوک ساڵیك و ٨ مانگ پێش ئیستا لە رووداوێکی تەموژاویدا سوتا، پاشان کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی (تیکەی) کە سەر بەحکومەتی تورکیایە ئامادەیی دەربڕی بۆ نۆژنکردنەوە و دەستی بەنۆژنکردنەوەی کرد، بەڵام لە کاتی نوێژەنکردنەوەکەدا بە چەندین شێوەی جیاواز هەوڵدرا لەلایەن ئەو کۆمپاناییەوە ئەو قەیسەرییە بکەنە قەیسەریەکی عوسمانی دواین هەوڵی ئەو کۆمپانیایەش لادانی زمانی کوردی بوو لەسەر تابلۆی قەسەری کەرکوک ئەمەش نیگەرانی دوکاندارانی بازارەکە و هاووڵاتیانی کوردی شارەکەی لێکەوتەوە و پاشان لەژێر فشار، زمانی کوردیان گەراندەوە سەر تابلۆکە.

دوای سووتاندنی قەیسەرییەکە بەڵێن بە هاوڵاتیان درا کە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا نۆژەنبکرێتەوە و بدرێتەوە خاوەنەکانیان و خاوەن دوکانەکان قەرەبوو بکرێن بەڵام ساڵێک و ٨ مانگ تێپەری هێشتا نەدراوەتەوە خاوەنەکانیان.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوکانداران و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کەرکوک  لەبەرامبەر ڕێگریکردن لە کردنەوەی دوکانەکانیان گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایان لە لایەنە پەیواندیدارەکان کرد، بەهانایەنەوە بچن.

سەبارەت بە کێشەی سەرەکی ئەو دوکاندارانە، خەیروڵا ڕەشید خاوەنی یەکێک لە دوكانەکانی بازاری قەیسەری کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو دوکاندارانی قەیسەری کەرکوک ماوەی ۳ ساڵ جارێ دوکانەکانمان دەخرێتە بەر موزایەدە بەڵام ئەمساڵ کاتێک چووینە بۆ فەرمانگەی شوێنەوار توشی شۆک بووین کە بینیمان چەند کەسێک دەیانەوێ بەزەبری هێزو پارە وهەڕەشە دەست بەسەردوکانەکانماندا بگرن بەڵام ئێمە وەکو دوکانداران ئامادەی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی ئەو گروپە  ومیلیشایە نین کە بە زمانی عەرەبی تۆمارکراوە و هەڕەشەیان لێکردووین، بۆیە داوا لە لایەنی پەیواندیدار دەکەین کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات. چونکە ئەم بازارە بژێوی ژیانی نزیکەی ٦٠٠ خێزان دابین دەکات، خاوەن دوکانەکان لەهەموو پێکهاتەکانی کەرکوکن".

هەروەها محەمەد وەحید دوکانداریکی دیکەی بازاری قەیسەری کەرکوک سەبارەت بەو گردبوونەوەیەی ئەمرۆ ئەنجامیانداوە، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " ئێمە ماوەی سی ساڵە لەم بازارەین کەس نەیتوانیوە بەم شێوەیە موزایەدە بەرامبەرمان بکات کە ماوەی دوو رۆژ دیاری کراوە بۆ موزایەدە ئەمەش ناکرێ دەبێ بەلای کەمەوە ماوەی مانگێک بدرێت بۆ موزایەدە، داوا لە پارێزگای کەرکوک و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."

هەروەها محەمەد وەحید وتی: "ئەو ئەندامانەی حەشدی شەعبی بە ئێمەیان وتووە، ئەگەر چوار هەزار دۆلار نادەن دەرچن لە دووکانەکان، ئێمە ئەو پارەیەمان نیە کە حەشدی شەعبی دەیەوێت بە زۆر لێمان بسەنیت و ئەوە ماوەی دوو ساڵە ئێمە دەربەدەر بووین و کار و کاسبیمان نەماوە."

ف.ق