'لەبری نەوت دەتوانین پشت بە کشتوکاڵ ببەستین'
بەمەبەستی گرنگیدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە کەرکوک دەستی پێکرد، جوتیارێکی نمونەییش دەڵێت: 'لەبری نەوت دەتوانین پشت بە کشتوکاڵ ببەستین'.
بەمەبەستی گرنگیدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە کەرکوک دەستی پێکرد، جوتیارێکی نمونەییش دەڵێت: 'لەبری نەوت دەتوانین پشت بە کشتوکاڵ ببەستین'.
ئێوارەی رۆژی هەینی لە پارکی سمایلاند لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەڕەنگدانەوە فۆلکلۆری کوردەواری یەکەمین فێستیڤاڵی هەنار لەژێر دروشمی (بۆ پاڵپشتی بەرهەمی نشتیمانی و کاری دەستی و خوراکی میللی) دەستی بە کارەکانی کرد بەمەبەستی گرنگیپێدانی و بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان.
فێستیڤاڵەکە بەناوی فێستیڤاڵی هەنارە کە بەرهەمی هەناری خۆماڵی وەکو سەرەکیترین بەرهەمی ناوخۆیی گرنگی پێداراوە و لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووان لە هەموو شارەکانی باشوری کوردستانەوە بەشدارن هەروەها لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەنێوانیاندا رۆژهەڵاتی کوردستانیش خەڵکی بەشدارن لەنێوان بەشداربووانیش ئازاد محەمەد جووتیارە نموونەیەکەی شاری هەڵەبجە وەکو میوانی سەرەکی فێستیڤاڵەکە بەشدارە، هەروەها دەیان جووتیار بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کرد لەو فێستیڤاڵەدا، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی تەواوی شارەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون و تیدا بەرهەمەکانیان نمایش کرد،
دەیسەلمێنێت کە کورد خاوەن چ بەروبوومێکە لەم کوردستانە
سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ بەرهەمی کوردستان، ئازاد محەمەد ناسراو بە جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەم جۆرە فێستیڤاڵەنە زۆر گرنگە بۆ بەرهەمی کوردستان چونکە وەکو بەبازاڕکردنێک وایە، وەکو دەبینین لە ئیستادا لەم فێستیڤاڵەدا سەدان کەس نمایشی بەروبوومی دەستی خۆیان دەکەن، وە من زۆر خۆشحاڵم کە بەرهەمی ناوخۆی خۆمان ئاشنا بکەین بە میلەتەکەمان وەکو پاڵپشتییەک بۆ جووتیارن و سەوزکردنی کوردستان تا بتوانین لە تەواوی شار و شاروچکەکانی کوردستان ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ئەنجام بدەین، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئێمەی کورد خاوەن چ بەروبوومێکین لەم کوردستانە".
'لەبری نەوت دەتوانین پشت بە کشتوکاڵ ببەستین'
هەروەها جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە چەند داهێنانێکی خۆی لە فێستیڤاڵەکە نمایش کرد و بەم شێوەیە باسی داهێنانەکانی خۆی کرد: "من چەندین داهێنانم کردووە لەسەر کۆمەڵێک بەرهەمی جووتیاری کە تائیستا لە کوردستان نەکراوە لەنێوانیشیاندا ئەو پەتاتە تایلەندییەیە کە ماوەی دوو ساڵە خەریکی پەرپێدانیم کە جێگرەوەی گەنم و جۆیە، کە قەڵەمەکەیم لە ووڵاتی تایلەند هێناوە بەڵام بەروبوومی کوردستانە، هەروەها چەندین بابەتی دیکەی کشتوکاڵی هەیە کە دەتوانین لەبری نەوت پشتی پێ ببەستین و هەناردەی دەرەوەی ووڵاتی بکەین".
'پێویستە خەڵکی ئاشنای بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان بکەین'
ئەو جووتیارە داواشی کرد لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگری بکەن لە هاتنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەرەکی تا لە زیانی بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان نەشکیتەوە، و ووتی: "ئەگەر ڕێگری نەکرێت لە هێنانی بەرهەمی دەرەکی بۆ کوردستان ئەوە لە زیانی خۆمان تەواو دەبێت، بۆ نموونە چەند ساڵێکە هەنار هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکرێت خەڵکی تەماحی لادروست بووە کە باخەکەی فراوانتر بکات کە بەم شێوەیە بەروبوومی ووڵات زیاد دەکات و سەوزایی پێ زیاد دەکات، بۆیە باشتر وایە کە کاتێک بەروبوومی خۆماڵی پێئەگات ڕێگری لە بەروبوومی دەرەکی بکرێت، بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان هیچ ووڵاتێک نیەتی و پێویستە خەڵکی خۆمان ئاشنای بەروبوومی جوانی خۆمان بکەین وەکو پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵی خۆمان".
'جێگای خۆشحاڵییە کە بەرهەمی زۆر جوانمان بینی'
ڕەیان سەلمان کچێکی کوردی شاری کەرکوکە کە لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی یەکەمین فێستیڤاڵی هەناری کەرکوکیان کردووە، ڕەیان بەم شێوەیە باسی لە ڤستیڤاڵەکە کرد: "ئەم فێستیڤاڵە ڤستیڤاڵێکی کلتوری جوانە، ئێمە سەردانی چەندین فێستیڤاڵی تایبەت بەکاری دەستی و بەرهەمی ناوخۆیمان کردووە لەم شارە بەڵام ئەم فێستیڤاڵە جیاوازە لەوانەی پێشووتر کە خەڵکی لە شارە جیاوازەکان هاتوون بۆ کەرکوک بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە کە بەرهەمی زۆر جوانمان بینی".
'منداڵانی وەکو من سەردانی ئەم فێستیڤاڵە بکەن'
لەلایەکی دیکەوە ماریا عەبدولرەحمان کچێکی بچووکی شارەکەیە کە لەڕیگەی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ەوە دڵخۆشی خۆی بەو فێستیڤاڵە دەربڕی و دەلێت "ئەم فێستیڤاڵە زۆر خۆش و جوانە، هیوادارم هەموو منداڵانی وەکو من سەردانی ئەم فێستیڤاڵە بکەن و بەرهەمی کشتوکاڵی جوانی لیە و هیوادارم هەمووجار فێستیڤاڵی لەم جۆرە لە شاری کەرکوک ئەنجام بدرێت".
' بەداخەوە شاری کەرکوک بێ نازە لەم ڕووەوە'
هەڤاڵ کارزان گەنجێکی شاری کەرکوکە سەبارەت بە هاتنی جووتیاران لەدەرەوەی شارەکە بۆ نمایشکردنی کارەکانیان لە فێستیڤاڵەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "بەخێر هاتنی تەواوی ئەو میوانانە دەکەم کە لەدەرەوەی شارەکە هاتوون بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەم فێستیڤاڵە، بەداخەوە شاری کەرکوک بێ نازە بەتایبەتی لە ڕووەکانی وەکو سازکردنی ڤستیڤاڵ و کاری هونەری و سروشتی، جێگای دەستخۆشیشە کە توانراوە فێستیڤاڵێکی جوانی لەم جۆرە بهێنرێتە کەرکوک بەتایبەتی لەم کاتەدا کە خەڵکی شارەکە پێویستیان بە فێستیڤاڵی لەم جۆرەیە".
'بەپاڵپشتی کردن لیان کوردستانێکی باشتر و کەرکوکێکی جوانتر دەبینین'
هەروەها ئەو گەنجەی شاری کەرکوک ووتیشی: "ئێمە لەسەرەتای فێستیڤاڵەکەوە لێرەین کەسی زۆر بەتوانا لە هەردوو ڕەگەز لێرەن، دەتوانین بلین هەموو ئەوانەی لێرەن کەسانەی بەهرەمەندن و کەسانی بەتوانامان تێدایە، ئەگەر پشتگیری بکرێت کوردستانێکی باشتر و کەرکوکی جوانتر دەبینین، هەموو ووڵاتێکی سەرکەوتوو خاوەن بەرهەمی ناوخۆی خۆیەتی، بۆیە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکە کە پشتیوانی ئەو کەسانە بکەن کە پرۆژەی نوێیان پیە".
'گەنجان شتی باشتر پێشکەش بکەن'
لە کۆتای قسەکانیدا هەڤاڵ کارزان باسی لە نەبوونی پشتیوانی کرد بۆ گەنجان تا بەهرە و پرۆژەکانیان پێشبخەن بۆ خزمەتکردن و ڕایگەیاند: "بەداخەوە پاڵپشتی کردن لە توانا و پرۆژەکان لە کەرکوک کەمە بەڵام هیوادارین لە داهاتوودا ڕێگە بدرێت گەنجان شتی باشتر پێشکەش بکەن لەڕێگەی کۆلێژ و فێستیڤاڵەکان، ئێمە وەکو گەنجان دەمانەوێت لایەنە پەیوەندیدارەکان یارمەتی گەنجان دەن لە پرۆژەکانیان چونکە بەبێ یارمەتی مەعنەوی و مادی هیچ پرۆژەیەک بەرهەمی نابێت و ناتوانێت دەستپێبکات".
جێگای ئاماژەیە فێستیڤاڵەکە بۆماوەی ٩ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمیر ٣ی ئێوارە تا کاتژمێر ١١ی شەو خەڵکی دەتوانن سەردانی ڤستیڤاڵەکە بکەن.
فێستیڤاڵەکە لە سێ بەش پێکهاتووە کە یەکەمیان پێکهاتووە لە بەرهەمە خۆراکییە ناوخۆییەکانی وەکو جۆرەها هەنار و تەواوی بەرهەمەکانی دروستکراو لە هەنار، هەنگوین، گوێز، جۆرەها میوەی ووشکراوە و بەهاراتی خۆماڵی، ڕۆنی کوردی وهەروەها کارگەی زەیتونی خۆمالیش بەشدارە لە ڤستیڤاڵەکەدا، بەشی دووەمیش پێکهاتووە لە کاری دەستی ژنان وەکو دەست بەند و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەرمانی جوانکاری پێکهاتوو لە گیایی سروشتی، چنین و چەندین کاری دیکەی دەستی ژنان، هەروەها بەشی سێیەمی فێستیڤاڵەکە پێکهاتبووە لە خواردنی میللی گەلی کورد لەنێوانیاندا کەلانە و چەندین خواردنی دیکەی کوردەواری.