قەیران و بەفر مەترسی بۆ سەر ئاژەڵداری دروست کردووە

قەیرانی ئابووری لە تورکیا کاریگەری قورسی لەسەر ئاژەڵداری دروست کردووە. هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و کا، بارینی بەفر مەترسی بۆ سەر ئاژەڵداران دروست کردووە.

قەیرانی ئابووری لە تورکیا کە دژوار بووە، هێز و توانای کڕین و بازاڕکردنی مرۆڤەکانی کەمکردووەتەوە. قەیرانی ئابووری بەرزبوونەوەی نرخ، وایکردووە کە مرۆڤەکان ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بەتابەتی خواردن دابین بکەن.

قەیرانی ئابووری، نەک هەر کەرتی خواردن، بەڵکوو کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی کەرتەکان. یەک لەو کەرتانە ئاژەڵدارییە.

بەتایبەتی ئاژەڵداری لە کوردستان یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی بژێوی وگوزەرانە. لە کوردستان بە ملیۆنان مرۆڤ لە گوندەکان لە رێگەی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەوە بژێویان دابین دەکەن، ئاژەڵداری کە سەرچاوەی سەرەکی نەریتی بژێوی کوردانە، بە هۆی قەیرانی قووڵی ئابووری لە تورکیا بە کاتێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت. ئەو لەوەڕەی ساڵی رابردوو بە ١٠ لیرەبوو ئێستا بووەتە ٥٠ لیرە. تۆنێک کا کە ساڵی رابردوو هەزار لیرەبوو ئەمساڵ بۆ ٥ هەزار لیرە بەرزبووەتەوە. هەروەها فەردەیەک ئالیکی ٥٠ کیلۆی لە ٦٠ لیرەوە بووەتە ٥٠٠ لیرە.

'ناتوانین مەڕوماڵاتەکەمان بەخێوبکەین'

خەلیل ئیحتیاڵئوغڵو چەندین ساڵە لە جۆلەمێرگ ئاژەڵداری دەکات، ئەو دەڵێت، کە سەرباری قەیرانی ئابووری هەروەها بارینی بەفریش مەترسییە بۆ سەریان. ئیحتیاڵئوغڵو ئەوەشی خستەڕوو کە لەبەر بەرزبوونەوەی نرخ ناتوانن زۆر ئالیک و کا بۆ مەڕوماڵاتەکانیان بکڕن و وتی: "ئەمساڵ بەفر زوو داباری، لەبەر بارینی بەفر ئەو کایەی کە بۆ مەڕوماڵاتەمان کۆکردبووەوە کەوتە ژێر بەفر". ئیحتیاڵئوغلو وتی، کە ئەوان پەرێشان بوون و وتی، "برسێتی لە وڵاتەکەدا هەیە. قەیرانی ئابووری لە هەموو روویەکەوە مەترسی دەخاتە سەرمان. ئەو گیایەی ساڵی رابردوو بە ١٠ لیرەبوو ئەمساڵ گەیشتووەتە ٥٠ لیرە. لەگەڵ ئەوەش بەهای ماددە خۆراکییەکان گران بوون. قتووێکی بچوکی دۆشاوی تەماتە بووەتە ٥٠ لیرە، فەردەیەک ئارد بووەتە ٦٠٠ لیرە. بەو جۆرە نرخەکان بەرزبوونەوە کە چیتر ناتوانین هیچ شتێک بکڕین. ستەمێکی قورس لە سەرمانە، قەیرانی ئابووریس لەو ستەمە زیاد بووە".

هـ . ب