بەمزووانە نهێنیی شاری مێژوویى دولوک ئاشکرا دەکرێت

بڕیارە لە ماوەیەکى کەمدا نهێنیی شاری مێژووی ئانتیک دولوک لە ١٠ کیلۆمەتریى دیلۆک لە باکووری کوردستان ئاشکرا بکرێت. کۆنیى شارەکە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. حەمامێکى گەورە و کڵێسەیەکی سەردەمی مەسیحی و ٢٠٠٦ پارچە شوێنەواری تیادا دۆزراوەتەوە.

شوێنەوارناسانی زانکۆی مونستەری ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری دێرین و مێژووی دولوک سەرقاڵی کنە و پشکنینن. ئەو شارە دەکەوێتە ١٠ کیلۆمەتریى باکووری رۆژئاواى شاری دیلۆک لە باکووری کوردستان. تیمى شوێنەوارناسانی زانکۆی مونستەر لەلایەن پرۆفیسۆر ئێنگێلبێرت وینتەرەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.

وینەر رایگەیاند، کاری کنە و پشکنینیان لە شاری دولوک بەرەو کۆتایى دەچێت. ئەو شارە ٣٠٠ ساڵ پێش زایین دروستکراوە و ناوەکەى تری دۆڵیچەیە. لە شارەکەدا شوێنەواری حەمامێکى گەورە، کە لە سەدەی ٣هەمی زایندا دروستکراوە و کڵێسەیەکی بازیلکا (کڵێسەکانى سەر کڵێسەی کاسۆلیى و کڵێسەى ئینگلیکان)، کە لە سەردەمی دەستپێکی مەسیحیدا دروستکراوە دۆزراونەتەوە.

وینەر راشیگەیاند، موزائیک و کاشییەکانى حەمامەکە و بەردەم حەمامەکەشیان دۆزیوەتەوە.  

ئاماژە بەوە دەکرێت، ئەو حەمامە لەسەر رووبەری ٢ هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و هیچ کەمتر نییە لە بیناکانى سەردەمی مۆدێڕن. لە حەمامەکەدا حەوزێکى مەلەوانیى سەردەمی رۆما دۆزراوەتەوە و سیستمى گەرمکردنەکەشی بە جۆرێک دروستکراوە، کە لە ژێرەوە گەرم دەکرێت. ئەو حەمامە تاوەکو سەدەی چوارەمى زایین لەلایەن گەلی ئەو ناوچەیەوە بەکارهێنراوە.

کڵێسەى بازیلکاش، کە لەو شارەدا دۆزراوەتەوە لە سەدەی حەوتەمدا بەهۆی بومەلەرزەوە رووخاوە.

پرۆفیسۆر ئێنگێلبێرت ئەوەشى وتوە، دولوک لە رووی رۆشنبیری، سیاسی و ئایینییەوە ناوەندێکى گرنگ بووە. لە ساڵی رابردووشەوە قورسایى کاری کنە و پشکنینەکەیان خستووەتە سەر ناوچەکانى دەورووبەری شارە. دولوک ناوەندێک بووە، کە پەیوەندیى بە ناوچەکانى باکووری سوریا (رۆژئاواى کوردستان)ەوە هەبووە.

لە ئەنجامى کنە و پشکنینەکاندا لە شاری دولوک تاوەکو ئێستا ٢٠٠٦ پارچە شوێنەوار دۆزراونەتەوە.

هەروەها هەڵکەوتەى شوێنى شاری ئانتیک دولوک لە مێژوودا بە شوێنێکى سەرنجڕاکێش سەیرکراوە. لە نزیک رێگا گرنگ و سەرەکییەکانى بازرگانیى ئەو سەردەمەدا بووە.

لەوشارەدا، شوێنەواری شارستانییەتەکانى میزۆپۆتامیا، سوریانی، پەرس و شارستانیەتەکانى پێش یونان و رۆما دۆزراونەتەوە.

ئەو شارە بۆ ماوەیەک لە دەست هیتییەکان، مەدەکان، ئاسورییەکان، پەرسەکان و ئەسکەندەری گەورەدا بووە.

کۆنترین شوێنەوارى پەیوەندیدار بە زانستى بیرکاری لەو شارەدا دۆزراوەتەوە.

ناوێکى تری دولوک، دۆڵیچەیە. ئەوەش بەو مانایە دێت وڵاتێک بووە، کە ژوپیتەر دۆلیچونس-ی خواوەندی تیادا ستایش کراوە، یان وڵاتى خواوەند ژوپیتەر دۆلیچونسە.

ر.م