خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات ڕوو له‌ كشتوكاڵ ده‌كاته‌وه‌

له‌گه‌ڵ تێكچوونی بارودۆخی ئابووریی ئێران، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گه‌مارۆی خسته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و وه‌ڵاته‌، دانیشتوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ دابینكردنی بژێوی به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤدا ده‌گه‌ڕێن.

بە ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، زۆرێك لە ئیش و کارەکانی ناوخۆی وه‌ڵات بە شێوەیەک لە شێوەکان وەستاون و کارگە و ناوەندەکانیش ڕوو لە داخرانن. ھەربۆیەش گوشارێکی زۆر بۆ سەر ھاوڵاتیان دروست بووە. لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کە بەشێکی زوری خەڵک لە ڕێی بازرگانیی سنوورەکانەوە نان په‌یدا ده‌كات، ئەم گوشارە دووقاتە، چونکە سەرەڕای ئەو گوشارە گشتییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو سنوورەکانی داخستووە و لە ئەمساڵدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ ترۆپکی خۆی و بەکردەوە ھیچ کاڵایەکی بازرگانی بە ئاسانی وەک جاران هه‌نارده‌ و هاورده‌ ناکرێت، مەگەر جار جار بە شێوە و ڕێژەیەکی زۆر کەم.

بۆیەش خەڵکانی شارە سنوورییەکان کەوتوونەتە تەنگژە و قەیرانێکی ئابووری توونده‌وه‌. لە شارەکانی دوورتر لە سنوورەکان له‌وانه‌یه‌ کێشەکە  کەمڕەنگتر و قەیرانەکە ئەوەندە تۆخ نەبێت، بەڵام کاریگەری تا ئەوێش چووە، چونکە بەشێکی خەڵکی ئەو شارانەش ناڕاستەوخۆ بژیویان ھەر لەسەر بازرگانیی سنوورەکانە.

لەم دۆخه‌دا بەشێکی زۆری خەڵک گەڕاونەتەوە سەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە بە ھۆی برەوی ئیش و کاری مۆدێرن، لەمێژ بوو ئەو ئیشەیان بەجێ ھێشتبوو. ئەم گەڕانەوە لە لایەکەوە جێی دڵخۆشییە چونکە ئابووریی کشتوکاڵ ئابوورییەکی سەقامگیر و درێژمەودایە و کەمتر قەیران و دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر دانێ و لە لایەکی دیکەشەوە، کشتوکاڵ به‌رهه‌مهێنانی ڕاستەوخۆیە و پێش ھەموو شتێک کەسی جووتیار بژێویی ڕۆژانە و خۆراکی خۆی دابین دەکات و بەرھەمەکەشی پێویستی یەکەم و سەرەکی ڕۆژانەی خەڵکانە. ھەربۆیەش ئیشی کەسی جووتیار پەیوەست نییە بە بارودۆخی بازاڕ و کەش و ھەوای سیاسی یان کۆمەڵایەتی.

بەڵام جیاوازییەکی کشتوکاڵی ئەم سه‌رده‌مه‌ لەگەڵ کشتوکاڵی جاران ئەوەیە، ئەمجارە خەڵک بە شێوەیەکی زانستیانە دەستی داوەتە ئەم کارە. بە واتایەک کشتوکاڵ ئێستا لەو چوارچێوە قەدیمی و کلاسیکە ھاتۆتە دەر و بەرگێکی هاوچه‌رخی بە بەردا کراوە. گەرچی ئەم گۆڕانکاری و نوێبوونه‌وه‌یه‌ لە ئاستی پێویستدا و وەک وه‌ڵاتانی پێشکەوتوو نییە، بەڵام لانیکەم بەرھەمی جووتیار بە بەراورد لەگەڵ شێوەی کۆنی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە و ھەر ئەو پارچە زەوییەی کە جاران دەکێڵدرا ئێستا بەرھەمێکی زۆر زیاتر دەدات. بەتایبەت کاری ڕەز و باخداری  برەوی زۆر زیاترە لە جاران و بەشێکی زۆر لە ‌زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستان ئێستا بە شێوەیەکی زانستی کراونەتە باخ و ڕەز، ساڵانە داھاتێکی باش دەخەنە مستی جووتیاری کوردستانه‌وه‌.

ھەربۆیەش ئەمە بۆتە ھۆی ئەوە کە خەڵک داھاتێکی زۆرتریان ھەبێت. بە به‌راورد له‌گه‌ڵ جووتیاری جاران، جووتیاران ئێستا خۆشبژێوترن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیكدا ئاوەدانی و سەوزەڵانییەکی باش ڕوو بکاتە کوردستان و خەڵک لەسەر پێی خۆیان بوەستن و سەربەخۆیانە بژێویی خۆیان دابین بکەن.

s.m