زانکۆی عەفرین، بووه‌ته‌ زانکۆی به‌رخۆدان

یەکێک لەو ناوەندانەی کە بەشداری کردووه‌ لە «بەرخۆدانی سه‌رده‌م»دا، زانکۆی عەفرینە. سه‌رۆكی زانكۆكه‌، دكتۆر ئەحمەد یووسف وتی: خوێندکارەکانم له‌ دژی داگیركاری ڕوویان له‌ بەرەکانی جه‌نگ كردووه‌. خوێندکارانیش دەڵێن، ڕێ بە داگیرکاری ناده‌ن.

لە عەفرین کە ده‌وڵه‌تی توركیا و چەتەکانی ئه‌لقاعیدە-ئه‌لنووسره‌-داعش، بەیەکەوە هێرشی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر، گەل لە بەرخۆدانێكی بێوێنه‌ دایە. هەموو کەس لە هەموو چین و توێژ و بەشەکانی کۆمەڵگەوە بەشدارن لە بەرخۆدانی سەردەمدا. یەکێک لە و ناوەندانەی كه‌ به‌ته‌واوی بەشداری لە بەرخۆداندا کردووە، زانکۆی عەفرینە کە یەکەمین زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٥ دامه‌زراوه‌.

زانکۆی عەفرین کە لە ٤ کۆلێژ و ٦ بەش پێکهاتووە، دوای ئەوەی کە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر عەفرین دەستی پێکرد، یەکسەر بوو به‌ ناوه‌ندێكی به‌رخۆدان. دكتۆر ئەحمەد یووسف، سه‌رۆكی زانکۆی عەفرین له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فوراتی ڕاگه‌یاند‌: دوای ئه‌وه‌ی هێرشی داگیركاری ده‌ستی پێكرد، بەشێک لە خوێندکارەکانی چوونەته‌ بەرەکانی جه‌نگ‌، بەشێکیشیان لە نەخۆشخانەکاندا خۆبه‌خشانه‌ ده‌ستیان به‌ كار كردووه‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شیان ڕوویان له‌ خزمه‌تی جڤاكی كردووه‌.

زانکۆی به‌رخۆدان

سه‌رۆكی زانكۆی عه‌فرین، دكتۆر ئه‌حمه‌د یووسف وه‌بیری هێنایه‌وه‌ کە زانکۆکەیان یەکەمین زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستانه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌.

«زانكۆی عەفرین، یەکەمین زانکۆ بوو کە لە ڕۆژئاوا دامه‌زرا. هەروەها یەکەمین زانکۆشه‌ کە لە دەرەوەی سنووره‌كانی ژێرده‌ستی ڕژێمی سووریا دامه‌زراوه‌. ئێمە لە سالی ٢٠١٥ ئه‌م زانكۆیه‌مان دامه‌زراند. لە زانکۆکەدا ٤ کۆلێژ و ٦بەش هه‌یه‌؛ به‌شی پزیشكی، وێژە، ڕاگەیاندن، ئەندازیاریی کشتوکاڵ، میکانیک و ئابووری. لە زانکۆی عەفریندا بەگشتی ٨٥٠ خوێندکارمان هەیه‌.»

خوێندکارانی ئێمە بەمەبەستی پاراستنی خاکی خۆیان ڕوویان کردە بەرەكانی به‌رخۆدان

دكتۆر ئه‌حمه‌د یووسف وتی: دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چه‌ته‌كانی، ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندکارەکانمان چه‌كیان هه‌ڵگرت و ڕوویان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ كرد.

«ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندکارەکانمان لە دژی داگیركاری توركیا چه‌كیان هه‌ڵگرت و چوونە بەرەکان. بەشێکیان لە نەخۆشخانەکاندا لە بواری تەندرووستیدا خزمه‌ت ده‌كه‌ن. بەشێکیش لە مانگی سوور و ناوه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاندن به‌شدارییان له‌ به‌رخۆداندا كردووه‌. پێویستە جیهان ئەوە ببینێت، ئەمڕۆ لە عەفرین زیاتر لە ٤٠ هەزار خوێندكار لە خوێندن بێبەش بوون. خوێندکارەکانی ئێمە بۆ پاراستنی خاكی خۆیان ڕوویان کردۆتە به‌ره‌كانی جه‌نگ. چونكه‌ باش ده‌زانن كه‌ داهاتوویه‌كی ئازاد، ته‌نها له‌ خاكێكی ئازاد به‌دیدێت.»

«بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌ركه‌كانمان ئاماده‌ین»

کاتێک کە ڕێكخراوی مانگی سووری كوردستان، پێداویستی و كۆمه‌كی بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی لە گوندەکانەوە کۆچبەر بوون دابه‌ش ده‌كرد، چاومان به‌ خوێندکارێکی زانکۆ كه‌وت.

زەریفە مەخوەرڤە، خوێندكاری زانكۆی عه‌فرین وتی، دوای ئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر عه‌فرین ده‌ستی پێكرد، بۆ ئەوەی کە پشتگیریی ئەو بەرخۆدانه‌ بكات، ده‌ستی به‌ خەباتی جڤاكی كردووه‌.

«من خوێنکاری به‌شی پزیشکیم، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، هەریەکێك له‌ ئێمه‌ به‌ ئه‌ركێك هه‌ستا. من هه‌ندێك جار لە نەخۆشخانە و هه‌ندێك جاری دیكه‌ لە ڕێكخراوی مانگی سوور كار دەکەم. كۆمه‌ڵێك لە هەڤاڵانم له‌ بەرەکانن، هه‌ندێكیشیان له‌ ناوه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاندن كار ده‌كه‌ن. هه‌موو شتێك بۆ پاراستنی خاكی خۆمانه‌ له‌ داگیركاری. چونكه‌ ئێره‌ شوێن و واری ئێمه‌یه‌. بۆ پاراستنی زێدی خۆمان هه‌موو قوربانییه‌ك ده‌ده‌ین به‌ گیانی خۆشمانه‌وه‌.»

«ئێمە عەفرین بۆ ئەردۆغان به‌جێناهێڵین»

ئاسلان عەلی، خوێندکارێکی زانکۆی عەفرینە کە لە بەرەی جندرێس له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رخۆداندایه‌. ئاسلان، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات قسه‌ی كرد و وتی: لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە لە ناوچه‌ی جندرێسی عه‌فرین له‌ سەنگەره‌كانی پاراستنداین. ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد به‌ موڕاڵێکی به‌هێزه‌وه‌ خۆڕاده‌گرن و وتی: مۆڕاڵی ئێمه‌ قه‌ت كه‌م نابێت. ئێمه‌ هه‌رگیز عه‌فرین بۆ ئه‌ردۆغان و چه‌ته‌كانی به‌جێناهێڵین.

 

s.m