هاوشاره‌دارانی قه‌رس ده‌ستیان به‌ سه‌وزكردنی شاره‌كه كرد

شاره‌وانیی قه‌رس كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ كه‌وته‌ ده‌ستی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌ستی به‌ خه‌بات و خزمه‌تگوزارییه‌كان كرد.

له‌ چێوه‌ی كه‌مپینی «له‌پێناو قه‌رسێكی سه‌وز تۆش شتڵێك بچێنه‌» هاوشاره‌دارانی قه‌رس ئایهان بیلگه‌ن و شه‌ڤین ئالاجا ڕایانگه‌یاند، به‌رانبه‌ر خوێندنگه‌ی ئاماده‌یی حه‌یده‌ر عه‌لیه‌ڤ ده‌كه‌نه‌ شوێنی وه‌رزش و پارك. كارمه‌ندانی شاره‌وانی له‌ شوێنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ چاندنی شتڵه‌كان كرد.

ئالاجا: ئه‌مه‌ له‌پێناو بونیادنانی قه‌رسی نوێیه‌

به‌ر له‌ چاندنی شتڵه‌كان هاوشاره‌داری قه‌رس شه‌ڤین ئالاجا بۆ ڕۆژنامه‌وانان قسه‌ی كرد و گوتی، «له‌پێناو قه‌رسێكی سه‌وز ئه‌مڕۆ لێره‌ین. له‌ قه‌رس هه‌موو شوێنه‌كان بوونه‌ته‌ چیمه‌نتۆ و كۆنكرێت. شوێنێكیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كانمان تیایدا وه‌رزش بكه‌ن. ئه‌مڕۆ ده‌ستمان به‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می سه‌وزكردنی شاره‌كه‌ كرد و شتڵمان چاندن. دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ شتڵه‌كان گه‌وره‌ ده‌بن و منداڵه‌كانمان له‌ژێریاندا یاری ده‌كه‌ن و هاوڵاتییانی ئێمه‌ كاتی خۆشی تێدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.»

هاوشاره‌دار ئایهه‌ن بیلگه‌ن-یش گوتی، له‌ دژی كۆنكرێتكردن ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و پارك و باخچه‌ دروست ده‌كه‌ن.

s.m