چیرۆکی ئەو وێنەکێشە، کە لە وڵاتەکەى خۆیدا ئاوارەیە

وێنەکێش غەزاڵ لوتفی رایگەیاند، بنەماڵەکەى بەهۆی گوشارەکانى دەوڵەتى ئێرانەوە هاتوونەتە باشووری کوردستان. راشیگەیاند، "ئێمە کوردین، کوردستانین، لە پارچەیەکى تری کوردستانەوە هاتووین بۆ پارچەیەکى تر، بەڵام لێرە وەک ئاوارە سەیرمان دەکەن".

بە شاری سلێمانى دەوترێت شاری شاعیران، نووسەران، رۆشنبیران، پەیکەرتاشان، وێنەکێشان، موزیسییەنەکان و شاری راپەڕین.

لە شەقامی سالم لە سلێمانى شوێنێک هەیە پێى دەڵێن سەهۆڵەکە و ئێواران خەڵێکى زۆر تیادا کۆدەبنەوە. ژمارەیەکى زۆریش لە هاووڵاتییان بۆ دابینکردنى بژێویى ژیانى خۆیان لە سەهۆڵەکە کار دەکەن. یەکێک لەو کەسانە غەزاڵ لوتفی-یە و کاری وێنەکێشان دەکات.

غەزاڵ لوتفی تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە سلێمانى لە دایکبووە و لێرە گەورە بووە. غەزاڵ لوتفی لە خێزانێکى ٦ کەسیدایە و لە قاچی چەپەوە کەمئەندامە. بە گۆچان رێدەکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت وێنەیەکى لەگەڵ گۆچانەکەى و لە کاتى رێکردندا لێ بگیرێت. لە تەمەنی منداڵییەوە وێنەکێشان سەرنجی رادەکێشێت. باوکی کەلوپەلی وێنەکێشانى بۆ دابین دەکات و ئەویش دەست بە وێنەکێشان دەکات. دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى سەرەتایى و ناوەندی و ئامادەیى لە کۆلێژی زانکۆی سلێمانى درێژە بە خوێندن دەدات. ئێستا خوێندکاری قۆناغی چوارەمى کۆلێژی هونەرە.

غەزاڵ نایەوێت باری قورسی ژیانى بنەماڵە هەژارەکەى قورس بکات، بۆیە لە قۆناغی ئامادەییەوە دەست دەکات بە وێنەکێشان و بە فرۆشتنى وێنەکانى داهاتێک بۆ خۆی و بنەماڵەکەى بەدەست دەهێنێت.

ئەوە تەنها چیرۆکەکەى غەزاڵ لوتفی نییە، گرنگترین بەشی ئازاراویی چیرۆکێکى بابەتێکى ترە. غەزاڵ لوتفی لە سلێمانى لە دایکبووە و تیایدا گەورە بووە و ئێستاش لە سلێمانى دەژی، بەڵام ئەو بە رەچەڵەک خەڵکی سلێمانى نییە و کاتێک لێى دەپرسیت "تۆ خەڵکی کوێیت؟" دەڵێت: "من ئاوارەیەکم".

غەزاڵ دەڵێت "من خەڵکى شاری سەقزی رۆژهەڵاتم. من تاوەکو ئێستا شارەکەى خۆمم نەبینیوە، باوکم وڵاتپارێزێکى کوردە و بەشداریی تێکۆشانی کوردایەتى بووە. کاتێک خومەینى دەسەڵاتى گرتە دەست بەهۆی گوشار و ئەشکەنجەکانەوە لەگەڵ دایکم هەڵهاتن و هاتن بۆ سلێمانى".

غەزاڵ دەشڵێت "دایک و باکم لێرە زەماوەندیان کرد و ئێمەش لێرە لە دایکبووین. ماوەیەکى زۆر لە کەمپ دا ژیاوین. داوى ساڵی ٢٠٠٠ و کاتێک کەمپەکە داخرا هاتین بۆ ناو شار و لێرە نیشتەجێ بووین. ئێرە پارچەیەکى کوردستانە، ئێمە لە دەستى زوڵم و گوشار هەڵهاتووین بۆ ئێرە و هاتووین بۆ ئەم پارچەیى تری کوردستان، بەڵام لێرە هێشتا بە چاوی ئاوارەوە سەیرمان دەکەن. ئێمە کوردین، کوردستانین، لە پارچەیەکى تری کوردستانەوە هاتووین بۆ پارچەیەکى تری کوردستان، بەڵام وەک ئاوارە لێمان نزیک دەبنەوە. باشە شتێکى لەوە خراپتر و ئازارویتر هەیە، کە مرۆڤ لە وڵاتى خۆیدا وەک ئاوارە سەیر بکرێت؟".

ئاوارەبوون لە باشووری کوردستاندا بەو مانایە دێت، کە مرۆڤەکان تەنها دەتوانن لە رێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لێرە بمێننەوە. ئەوە بەو مانایەیە، کە کەسانى بیانی مافی مانەوەیان نییە و ناتوانن بمێننەوە. کاتێک مافی مانەوە نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت لە شارێکەوە بڕوات بۆ شارێکى تر.

لە باشووری کوردستان تەنها غەزاڵ و بنەماڵەکەى بەو شێوەیە ناژین، بەڵکو دەیان هەزار کوردی تری رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانى و هەولێر هەر بەو شێوەیە دەژین و لەو دۆخەدان. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، لەم ساڵانەى دوایدا بەهۆی گوشار و زۆرداریى رژێمى ئەردۆغانەوە هەزاران هاووڵاتیى باکووری کوردستان هەڵهاتن بۆ باشووری کوردستان و دۆخی ژیانیان هاوشێوەى دۆخی ژیانى غەزاڵ و بنەماڵەکەیەتى.

زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش و لە کاتى راپەڕینەکەى شێخ عوبەیدوڵا نەهری دا هەزاران کورد چوونە دۆڵەکەى پشتی سیدەکان و بە دۆڵی موهاجیرین لە ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستان دەناسرێت و ئێستاش پێیان دەوترێت ئاوارە. حیزبەکانى باشووری کوردستان لەو کەسانە زۆرێک لایەنگر، ئەندام و کادێر و دەنگدەریان دروستکردووە، بەڵام هەر هێشتا بە چاوی ئاوارەوە سەیریان دەکەن.

ر.م