کارگەکانى ئارد لە وان مەترسیى داخستنیان لەسەرە

لە شاری وان ٧ کارگەى ئارد هەیە و سەدان کەس کاریان تیادا دەکەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی تێکچوونى ئابووریى تورکیاوە لە قەیرانێکى گەورەدان.

کارگەکانى ئارد لە وان ماوەیەکە ناتوانن بەهۆی قەیرانى ئابوورییەوە ئاردەکانیان بفرۆشن و ئەوەش مەترسیى داخستنى لەسەریان دروستکردووە.

قەیرانى ئابووری کە بەهۆی سیاسەتەکانى حکومەتى ئاکەپەوە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەبێت، کاریگەریى گەورەى لەسەر ژیانى هاووڵاتییان دروستکردووە. ئەو قەیرانە کە ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتبوی 'لێى رزگاربووین' رۆژ بە رۆژ کاریگەریى زیاتر و خراپتر لەسەر ژیانى هاووڵاتییان دادەنێت.

ئەو ٧ کارگە ئاردە لە وان، کە سەدان کەس کاری تیادا دەکەن کاریگەرییەکى گرنگیان لەسەر ئابووری وان هەیە. ئەو کارگەیانە لە ساڵی ١٩٣٤ەوە بەردەوامن لەکارکردن، بۆیە بوونەتە بەشێکی بنەڕەتى لە بەرهەمی کشتوکاڵیی وان. بومەلەرزە گەورەکەى ساڵی ٢٠١١ کاریگەرییەکى زۆر خراپى لە کارگەکانى ئارد کرد و ئێستا بەهۆی قەیرانى ئابوورییەوە رووبەڕووی قەیرانى قورستر بوونەتەوە.

کارگەکانى ئارد بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی ئارد و کێشەى گواستنەوەوە ناتوانن ئارد بۆ کڕیارەکانیان بنێرن و ئیتر گەیشتوونەتە دۆخێک کە تواناى فرۆشتنى ئاردیان نەماوە.

سەحەر کادیر ئۆغڵو چالاکوانى کۆمەڵەى ئیکۆلۆژیى میزپۆتامیا لە وان لەوبارەیەوە وتى "نرخی ئارد زۆر بەرزبووەتەوە. نرخەکەى گەیشتووەتە ١٢٠ لیرەى تورکی. قەیرانى ئابوورى تازە بە تازە بە شێوەى راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر خەڵک دروست دەکات. جوتیاران ئیتر ناتوانن کارى کشتوکاڵ بکەن و زەوییەکانیان بچێنن، چونکە هیچ قازانجێکیان لە کارەکەیان دەست ناکەوێت. لەبەر ئەوەى کە گەنم ناچێنرێت نرخی ئاردیش بەرزبووەتەوە. نانەواکان ناتوانن ئەو ئاردە بکڕن و نانى لێدروست بکەن. لەبەر ئەوەش هێدی هێدی نرخی نانیش بەرز دەبێتەوە. ئێستا گەیشتووینەتە دۆخێک کە مرۆڤ ئیتر ناتوانێت نان بکڕێت. کارگەکانى ئارد ناتوانن ئارد بفرۆشن، چونکە نانەواکان ناتوانن بەو نرخە گرانە ئارد بکڕن. نان پێویستییەکە کە هەموو کەس دەبێت بیکڕێت، نان پێویستییەک نییە بۆ جوانکاری یان رازاندنەوە بێت و مرۆڤ دەستبەرداری بێت، بەڵکو هەموو کەس پێویستى پێیەتى و پێویستییەکى بنەڕەتییە".

ر.م