کۆنفیدڕالیزمی دێمۆکراتی بۆ ئێران لە پەرلەمانی ئەورووپا خرایەڕوو

کۆبوونەوەی کۆنفرانسی پلاتفۆرمی دیموکراتی بزووتنەوە و گەلانی ئێران لە پەرلەمانی ئەوروپا، چارەسەریی پرسی گەلانی لە ڕێگەی وەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراتی ڕاگەیاند.

ئێوارەی دوێنێ لە پەرلەمانی ئەوروپا، کە بنکەکەی لە برۆکسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیکایە، لەژێر ناونیشانی (ڕێگەچارە دیموکراتییەکانی قەیرانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) پەیوەست بە پرسەکانی گەلانی ئێران خرانە بەر باس و تاوتوێ کران.

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و سیاسەتمەداری زۆرێک لە وڵاتان بەشداریان کرد لەو کۆنفرانسە، سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک، کینت ئیمرمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆموکراتی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، مارتینا مایکلس بە نوێنەرایەتی چەپەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا، د.عەباس وەلی، مامۆستای زانکۆ لە بواری زانستە سیاسییەکان، مونا سیلاوی چالاکوانی سیاسی عەرەب، د.جەلال سەبزەواری، ناسر بلیدەیی وتەبێژی حزبی جەماوەری بەلوچستان، فەرهاد بەشارەت چالاکوانی سیاسی ئازەری، نورعلی مرادی چالاکوانی سیاسی لوڕ، بەهرام رەحمانی نووسەر و چالاکوانی سیاسی، د. ژاڵە ئەحمەدی چالاکوانی سیاسی و مافی ژنان، د. حەسەن مەکارمی، توێژەر و دەروونناس، سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتەیان لەو کۆنفرانسەدا پێشکەش کرد.

هەوڵدەدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ پرسی کورد

لە کۆنفرانسەکەدا مارتینا مایکلس بە نوێنەرایەتی گروپی چەپەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا باسی لە هەوڵەکانی گروپی چەپەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کرد بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  و وتی:"بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی دیموکراتییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵدەدەین، ئێمە پشتیوانی کوردەکان دەکەن لە وەدەستهێنانی مافەکاینان لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریادا، هاوکات وەکو گرووپی چەپەکان پشتیوانی لە خەباتی کوردەکان دەکەین".

پتشیوانی پژاک دەکەین

کینت ئیمرمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئاماژەکردن بە مێژووی کۆماری ئیسلامی و فشار لەسەر گەلان لە جوگرافیای ئێران وتی:"حکومەتی ئێران مەشروعیەتی خۆی لەدەست داوە، پێوسستە ئێران بەرەو سیستمێکی دیموکراتی بڕوات، خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی لە تاران و شارەکانی دیکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کوردەکان، ئازەرییەکان و بەلوچەکان ناڕازین لەو دۆخەی ئێستا، پێویستە ناوی پژاک لە لیستی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دەربهێندرێت و پشتیوانی لێ بکرێت".

هەروەها دکتۆر عەباس وەلی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، جەختی کردەوە لەسەر یەکگرتووی گەلی کورد و ئازەریی و بەلوچ و عەرەب و گەلانی دیکە لە دژی زهنیەتی یەک زمان و یەکفەرهەنگیی رژێمی دەسەڵاتداری ئێران.

سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا باسی زوڵمی سەر گەلەکەمانی کرد لە ئاستە جیاجیاکاندا و ئەو گەمارۆیەی کە ئێران و عێراق و تورکیا خستویانەتە سەر باشوری کوردستان و لە پرسی دژایەتیکردنی مافی کورد چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ یا باکور یا رۆژئاوا یەکدەنگ و هاو پیلانن.

دواتر هەریەک لە ناسر بلیدەیی و جەلال سەبزەواریی بەجیا وتەیان پێشکەش کرد و باسی سیاسەتەکانی ئێرانیان کرد لە دژی گەلی بەلوچ و سرینەوەی فیزیکی و کەلتوریی، سەبزەواریی باسی فشاری دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەلانی جیاواز لە جوگرافیای ئێران و  خوازیاری ئازادی زمان و کەلتوری هەمو گەلانی نیشتەجێی ئێران بوو.