گوندنشینانی عەفرین: ئێمە لێرە لە دایک بووین و هەر لێرەش دەمرین

دانیشتوانی ناوچه‌كانی شەرا و شێراوا، بڕیاریان داوە کە گوندەکانی خۆیان بەجێنه‌هێڵن. ئەوان دەڵێن: «ئێرە واری ئێمەیە. لێرە لە دایک بووین و لێرەش دەمرین.»

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی نووسرە و داعش-ی هاوپەیمانی ئەردۆغان، لە جندرێس، شیێ، ڕاجۆ، بلبلێ، شەرا و بەگشتی لە سەرتاسەری هه‌رێمی عەفرین، شه‌ڕێكی قورس له‌ ئارادایه‌ و بەرخۆدانی گەلی عەفرینیش درێژەی هەیە. گوندنشینانی ئەو ناوچانە سەرەڕای ئەو هەموو بۆردومان و تۆپبارانە، بڕیاریانداوە کە واری خۆیان چۆل نەکەن.

گوندنشینانی ناوچەکانی شەرا و شێراوا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد و وتیان: ئەردۆغان چاوی بڕیوه‌ته‌ خاکی ئێمە، بەڵام دەبێ بزانێ کە ئێمە خاکی خۆمان بۆ کەس بەجێ ناهێڵین.

ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌ری ڕاده‌پڕین

بەنگین محەممەد، تەمەنی ٢١ ساڵە، خوێندکارە و خەڵکی گوندی «سینکا»ی سەر بە ناوچەی شەرای عەفرینە. بەنگین دەڵێت، کاتێک کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستی پێکرد، ئەو گەڕاوەتەوە گوندەکەی خۆیان و بۆ پاراستنی خاکەکەشی ئامادەیە چی بکەوێتە سەرشانی ئه‌نجامی بدات.

«ئێمە قەت گوندەکەی خۆمان بەجێناهێڵین. ئێمە چۆن گوندەکەمان چۆل کەین؟ دەوڵەتی تورکیا لەدژی ئێمە شەڕی ڕاگەیاندووە. ئێمە چاومان نەبڕیوەتە سەر خاکی ئەوان، بەڵام ئەوان دەیانه‌وێ خاکەکەمان داگیربکەن. ئێمە هەموومان بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتمان، چەک هەڵدەگرین و لە دژی ئەو داگیرکارییە دەوەستینەوە.»

ئێره‌ واری ئێمه‌یه‌

دەروێش چاویش، تەمەنی ٥٢ساڵە و خەڵکی هەمان گوندە. ئەو دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا بەهەموو جۆرە چەکێکی قورس، هێرشی كردۆتە سەر کانتۆنی ئێمە. ئێمەش بڕیارمانداوە لەسەر خاکی خۆمان بژین. ئێرە نیشتیمانی ئێمە و وه‌ڵاتی ئێمەیە. ئێمە قەت ئێره‌ بەجێناهێڵین و کەسیش ناتوانێ ئێمە بە زۆری لێره‌ دەرکات، ئێمە منداڵی ئەو خاکەین.

له‌م شه‌ڕه‌دا ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین

جووما عەبدی جووما، کوردێکی ئێزدیی ٨٨ ساڵەیە. ئەو خەڵکی گوندی قەستەلە، به‌ڵام ئێستا لە گوندی قەدیم-ی ئێزدییەکان دەژی. جووما ده‌ڵێت: دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردن هاتووه‌. ئەوان دوژمنی هەموو کوردێکن. بەڵام سەرکەوتن هی ئێمەیە.

«من هاوڵاتییەکی ئێزدیی خەڵکی قەستەل-م. ئێمە وەکوو ئێزدی، موسوڵمان و هەرکەسێک بەیەکەوە دەژین. بەڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا چاوی بڕیوەتە خاکەکەمان و دەیەوێ لێمان داگیر بکات. هەروەک عوسمانییەکان، دەیەوێ لە هەر شوێنێك دەسەڵاتدار و خاوەن ماڵ بێت. بەڵام ئەو نیشتیمانە بۆخۆی خاوەنی هەیە. ئێمە سه‌رده‌كه‌وین.»

ئه‌م خاكه‌ شه‌ڕه‌فی ئێمه‌یه‌

سەمیر تەمین، هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی عه‌فرینه‌ و دەڵێت: ئێرە وار و نیشتیمانی ئێمەیە و ئێمە لەسەر ئەو خاکە دەژین. دنیامان بەسەردا بڕووخێنن، ئێمە واز لە ماڵ و حاڵی خۆمان ناهێنین. ئێرە وه‌ڵاتی ئێمەیە و وه‌ڵاتێکی دیکەشمان نییە. ئێمە ئێرە بۆ دەوڵەتی تورکیا چۆل ناکەین.

سوار ئیبراهیم، ئەندامێکی هێزی پاراستنی جڤاکه و دەڵێت: ئێرە شەڕەفی ئێمەیە. ئێمە قەت دەست لەو خاکە بەرنادەین. با تەواوی دنیا بزانێت کە لە دژی گەلێک کە لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆی دەیەوێ به ئاشتی بژی، شەڕ ڕاگەیەنراوه‌. هەتا دوایین هەناسە من بۆ پاراستنی ئەو خاکە شەڕ دەکەم. ئەو خاکە شەڕەف و نامووسی منە و هەتا دوایی دەیپارێزم.

عه‌فرین، دۆسیه‌یه‌كی بچووك نییه‌

ژنێک کاتێك چاوی بە کامێراکەی ئێمە کەوت، وتی: عەفرین، بابەتێکی بچووک نییە. بابەتی خاک و نامووسە. ئێمە قەت عەفرین ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا ناکەین. دەبێ هەرکەس سنووری خۆی بزانێ. سنووری دەوڵەتی تورکیا دیارە. ئێستا زیادەڕۆیی دەکات و دەیەوێ عەفرینی ئێمە داگیر بکات.

ئه‌و ژنه‌ كه‌ ناوی فاتمە ئیبراهیم-ە، ده‌ڵێت: هەتاکوو یەپەگە و یەپەژە-ی ئێمە هەبن، هەتاکوو منداڵێکی بچووكی ئێمەش لەسەر ئەو جیهانە بمێنێت، ئێمە یەک بست لە خاکی خۆمانیان پێنادەین. شتێک لێره‌ نییه‌ كه‌ ئەردۆغان ده‌ستیكه‌وێ. ئێمە تەنیا یەک بستیشیان لە خاکی خۆمان بۆ چۆل ناکەین.

 

ش. م