عەلی ئۆندەر: بەشی ڕاستی دڵی ئۆندەر لێ دەدات

برای سری سورەیا ئۆندەر، عەلی ئۆندەر دەربارەی دوایین ڕەوشی براکەی گوتی: "بەشی ڕاستی دڵی سری کاردەکات. ئەمە پێشهاتێکی باشە".

چارەسەری ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی (دەم پارتی) و جێگری سەرۆکی پەرلەمان سری سورەیا ئۆندەر لە بەشی نەخۆشخانەی (Florence Nightingale) بەردەوامە. بنەماڵەی ئۆندەر، شاندی دەم پارتی لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و پێشوازی لە سەردانیکەران دەکەن.

برای سری سورەیا ئۆندەر، عەلی ئۆندەر دەربارەی دوایین ڕەوشی براکەی ڕایگەیاند بەشی ڕاستی دڵی براکەی کاردەکات، وە چەندین کەس و لایەن سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە. جەختی کردەوە، پزیشکەکان موعجیزەیان ئەنجامداوە و بە وتەی پزیشکەکان ڕەوشی ئۆندەر جێگیرە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە. سوپاسی پشتیوانی هەمووانی کرد و گوتی: "ئەو ڕۆژەی هێنرایە نەخۆشخانە بەشی لای ڕاستی دڵی کاری نەدەکرد. نیوەڕۆی دوێنێ بە ئێمەیان گوت کە لە بەشی ڕاستی دڵی لێدان هەیە، ئەمەش پێشهاتێکی زۆر باشە".