دۆسیەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین رادەستی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا کرا

دۆسیەی تیرۆرکردنی هەردوو رۆژنامەنووس (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) ڕادەستی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرا.

رۆژی سێشەممە شاندێکی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کە پێکهاتبوون لە دەیڤید هیلی، جێگری باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، لێنارت دێریدەر، بەرپرسی بەشی هاوکاری لە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسينگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر، سەردانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسانیان کرد.

بەرهەم لەتیف، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی بەشی سۆرانیی لە کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کرد، کە تێیدا بیروڕا لەبارەی ژینگەی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەشدا، دۆسیەی تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ڕادەستی شاندەکەی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرا، کە ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی درۆنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق شەهید کران.