جۆ بایدن، کوژارانی ئەیمەن زەواهری لە ئەفغانستان ڕاگەیاند

سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، کوژرانی ئەیمەن زەواهری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.

کەمێک پێش ئێستا، لە کۆشک سپی شاری واشنتۆنی پایتەختەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا کوژرانی ئەیمەن زەواهری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی ڕاگەیاند.
بایدن، ئاشکرای کرد: زەواهری، ڕۆژی یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی وڵاتەکەی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان کوژراوە. 
بایدن دەستنیشانی کردوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە وردبینی تەواو و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و وێڕای کوژرانی ئەیمەن زەواهری، زیانی گیانی بەکەسانی مەدەنی نەگەیشتوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی سەربازی و هەواگری ئەمەریکاوە گواستویانەتەوە کە  زەواهری لە کاتێکدا لە بالەکۆن (شانشینی) ماڵەکەیدا بووە کە دەکەوێتە گەڕەکی دپلۆماسی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان بە موشەکی زیرەک و تایبەت کراوەتەوە ئامانج و کوژراوە.

ئەیمەن محەممەد رەبیع عەبدوکەریم ناسرو بە زەواهری، ساڵی ١٩٥١ی سەدەی ڕابردوو لە وڵاتی میسر لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٨وە پەیوەندی بە قاعیدەوە کردوە.
زەواهری بەرلەوەی ببێتە قاعیدە، باگراوەندێکی توندڕەوانەی هەبووە و لە گەڵ چەندین تاقمی توندەڕەوی ئیسلامی وەک جیهادیی میسری، مەکتەبی خەدەمات و شورای ئیسلامی کاری کردوە. لە مسر بەهۆی کردوە توندڕەوەکانی و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت چەندین سزای زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە بەرچاوترینیان زیندانیکردنی بووە لە ساڵی ١٩٨٠دا بە تاوانی هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەنوەر سادات سەرۆککۆماری ئەو کاتی مسر کە دواتر ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە و ئازاد کراوە، بەڵام ٣ ساڵ بەتاوانی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت زیندانی کراوە.

لە ساڵی ٢٠١١، پاش ئەوەی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە پاکستان کوژرا، ئەیمەن زەواهیری شوێنی گرتەوە و بووە سەرۆکی ڕێکخراوەکە و تا کوژرانی لەو پۆستەدا مایەوە.
 

هـ.هـ