خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرایە ژینا ئەمینی

خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی ژینا ئەمینی ڕادەستی جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی کرا.

پارێزەر ساڵەح نیکبەخت، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ئەفسون نەجەفی و مەرسەدە شاهینکار بەشداری مەراسیمەکە بوون لە ستراستبۆرگ لە پەرلەمانی ئەوروپا.

پێش مەراسیمەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆبێریا مەتسۆلا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ خەڵاتەکە تەرخانکرا بۆ یادی ژینا ئەمینی و جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی، پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی هەموو ئەو ژن و پیاو و گەنجانە ئازایانە دەکات سەرەڕای فشارە و ستەمی ئێران لە تێکۆشانی ڕەوای خۆیان بەردەوامن.

پارێزەر ساڵەح نیکبەخت بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، پەیامی دایکی ژینا ئەمینی خوێندووە.

ژنی کورد، ژینا ئەمینی (٢٢ ساڵ) لە ئەیلولی ٢٠٢٢ لە تەهران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەرکرا و کوژرا. بەهۆیەوە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێ کرد.

دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدا، بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بچێتە دەرەوەی وڵات. لە ٨ ی کانوونی یەکەم ئەوکاتەی ویستیان بچنە فەرەنسا، لە فڕۆکەخانەی تاران، پاسپۆڕتی دایک و باوک و برای ژینا ئەمینی دەستی بەسەردا گیرا.