لە هێرشێکی داعشدا لە کابوڵ دوکەس کوژران

ڕۆژی شەممە لە گەڕەکێکی شیعە نیشینی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، پاسێک تەقیەوە و لە ئەنجامدا ٢ کەس گیانیان لەدەستدا. چەتەکانی داعش ئەم تەقینەوەیەیان لە ئەستۆ گرت.

لە کابوڵ کە زۆرینەی خەڵکەکەی سونین، لە ناوچەی دەشتی بارچی کە هەزاران موسڵمانی شیعەی تێدایە، لەناو پاسێکدا تەقینەوەیەک ڕویدا.

وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ عالید زادران، ئاماژەی بەوەدا، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ٢ سڤیل لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کەسیتریش برینداربوون، ڕەوانەی نەخۆشخانەکراون".

داعش لە ڕێگەی تیلگرامەوە پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە و تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت.

لە مانگی تشرینی دووەمدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاسێکدا لە هەمان ناوچە ٧ کەس کوژران و داعش ئەو تەقینەوەیەشی لە ئەستۆ گرتبوو.