لە سلۆڤاکیا پەنابەرانی کورد مانیان لە خواردن گرت

دەیان پەنابەری کورد لە شاری مەدڤیدۆڤ لە هەرێمی سنووری سلۆڤاکیا و هەنگاریا دەستبەسەرکراون، دژی کارە نامرۆییەکان، مانیان لە خواردن گرتووە.

پەنابەرە کوردەکان پەیامێکیان لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە بڵاوکردۆتەوە، ڕایدەگەیەنن، مانگرتنیان لە خواردن دەستپێکردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستبەسەری و کارە نامرۆییەکانی بەرامبەریان.

٤٥ پەنابەر لە زیندانی مەدڤیدۆڤ لە ١٩ی تشرینی یەکەم ڕایانگەیاند کە دەستیان بە مانگرتن کردووە.

بەشێک لە پەنابەرانی کورد چەند مانگێکە لە زیندانی مەدڤیدۆڤ دەستبەسەر کراون. نازانن بۆچی گیراون و تا کەی بە دەستبەسەری دەمێننەوە.

بەپێی زانیارییەکان، کاتێک پەنابەرەکان دەستیان بە مانگرتن کردووە، پۆلیس بە نزیکەی ٣٠ سەگەوە هاتوونەتە کەمپەکە.

پەنابەرە دەستگیرکراوەکان باس لەوە دەکەن کە مافی پەیوەندیکردنیان سنووردارکراوە، ناچارن جلوبەرگی زیندان لەبەر بکەن و پارەی خواردنەکانیان بدەن.

ئاوارەکان باسیان لەوە کردووە کە ڕەوشی پاکوخاوێنی باش نییە و نیگەرانن لە مەترسی تووشبوون بە پەتاکان.

پەنابەرەکان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا دەڵێن: " ئێمە لەپێناو ئازادی خۆمان مانمان لە خواردن گرتووە. ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی سایکۆلۆژی و کاری نامرۆڤانە دەبینەوە. مافی ئێمە نادرێت. هیچ کام لە مافە سەرەتایی و مرۆییەکانمان جێبەجێ ناکرێت. وەرگێڕ نییە. سکاڵاکانمان پشتگوێ دەخرێن. ناتوانین بگەینە نوێنەرە یاساییەکان یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. هەر بۆیە لە ١٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە بڕیارماندا مانگرتن لە خواردن دەست پێ بکەین، تا ئەوکاتەی ئازادی و مافە سەرەتایی و مرۆییەکان بەدەست دەهێنین".

پەنابەرەکان داوایان کردووە کە هەلومەرجەکە باشتر بکرێت و ڕێکارە یاساییەکان جێبەجێ بکرێت و دەڵێن: "داوا لە بەڕێوەبەری زیندانی مەدڤیۆدڤ کریستیان کۆدای دەکەین کۆتایی بەو ڕەوشە نامرۆڤانەیە بهێنێت".