گۆشەگیری رەها لە سەر رێبەری گەلی کورد ماوەی ٣٣ مانگە بەردەوامە. ناڕەزایەتیەکان لە بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی درێژەی هەیە. هێشتاش بەشداربوون لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر دەستیپێکردووە، بەردەوامە.
نوێنەری هەمیشەیی بزوتنەوەی دۆستایەتی گەلان لە دژی نەژادپەرستی (ئێم ئاڕ ئەی پی) لە نەتەوەیەکگرتووەکان جانفرانکۆ فاتۆرینی لەبارەی گۆشەگیری چڕ لە ئیمراڵی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. ئێم ئاڕ ئەی پی رێکخراوێکی مەدەنی نێونەتەوەییە.
' گۆشەگیری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە'
جانفرانکۆ فاتۆرینی باسی لەوەکرد، کە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و وتی، دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندڕێت. فاتۆرینی بەم جۆرە دووا: "ئێمە دەتوانین هەلومەرجێک کە عەبدوڵا ئۆجالان تیایدا، لەگەڵ دۆخی سەرکردەی ئەفریقای باشوور نێلسۆن ماندێلا بەراوردی بکەین. ویستیان ماندێلاش لە دورگەیەکدا و لەناو گۆشەگیریدا رابگرن، بەڵام لە ئەنجامدا ئازادی ماندێلا بۆ چارەسەری کێشەکان لە ئەفریقای باشوور رۆڵی سەرەکی گێڕا. بەهەمان شێوە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانیش دەبێتە مایەی ئەوەی پرسی کورد بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.
فاتۆرینی ئەوەی خستەڕوو کە کەمپینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" زۆر گرنگە و داوای لە هەموو کەسێک کرد کە پشتیوانی ئەم کەمپینە بکەن. فاتۆرینی دەستنیشانی کرد کە دەبێت ئەوروپا بۆ گۆرینی ئەو بارودۆخەی عەبدوڵا ئۆجالان تیایدایە، بکەوێتە خۆی و هەنگاو بنێنێت.
'هەڵوێستی ئەوروپا بێ بنەما و بێمانایە'
فاتۆرینی باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا و هەرێمەکانی دیکەی کوردستان کرد و بێدەنگی ئەوروپای لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرد و ئەو هەڵوێستانەی بە بێ مانا و بێ بنەما ناودێر کرد و وتی، "سەرکردەکانی ئەوروپا بیردەکەنەوە لە رێککەوتن لەگەڵ ئەوروپا لە بەرژەوەندی وڵاتەکانیاندایە. بەڵام ئەوان ئێمە چۆن دەتوانین متمانەمان بە ئەندامێکی ناتۆ هەبێت کە سیستمی بەگریی موشەکی لە روسیا کڕیوە؟ ئەمە دژیەکییە و تورکیا تاکە ئەندامێکی ناتۆیە کە کردەوەیەکی لەم شێوەی ئەنجام دابێت، بەڵام سەرباری ئەوەش رێگەی پێدەدرێت. دوترێت ئاگاداری تاوانەکانی ئەردۆغانین لە تورکیا و سوریا'، بەڵام دیسان بەرامبەر بەو دۆخە بێدەنگن. ئەو کاتە دەبێت مرۆڤ پرسیار بکات، لۆژیک لە سیاسەتی ئەوروپادا کە بانگەشە دەکات مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێت، چییە؟ بە روونی هیچ لۆژیکێکی نییە".
'لە رۆژئاوا تاوانی شەڕ دەکرێت، نەتەوەیەکگرتووەکان بێدەنگە'
فاتۆرینی رایگەیاند کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا تاوانی شەڕە و بەم جۆرە بەردەوامبوو، "نەک هەر لە رۆژئاوا، ئەگەر ئێمە لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەلی کورد بڕوانین، ئێمە قڕکردن دەبینین. ئێمە قڕکردن و پاکتاوی کولتوریش دەبینین. لە راپۆرتەکانی میکانیزمە جیاجیاکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، هەموو جۆرە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن تورکیاوە ئاشکرا کراون و سەرکۆنەکراون. ئیتر بۆچی لە بەرامبەر ئەو تاوانانە، دەستەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ بڕیارێکی دەرنەکرد. لەو دۆخەدا لە هەرێمەکە بابەتێکی پەیوەست بە گەمەی سیاسی ژیۆستراتیژیک لەئارادایە. راستە تورکیا لە هەرێمەکەدا لە زۆر بابەتدا قسەی بۆ وتن هەیە، بەڵام نابێت ئەوە ببێتە ئاستەنگ کە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات".
هـ . ب