نوێترین ئامار و کاردانەوەکان لە سەر هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆسەر حوسییەکان

لە هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا لە یەمەن بۆ سەر حوسییەکانی ئەو وڵاتە، بە لایەنی کەمەوە ٥ حوسی کوژراون و ٦یش بریندار بوون، ئەو هێرشە کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە.

وتەبێژی حوسییەکان یەحیا سارە، ڕایگەیاند "ئەمریکا و بەریتانیا لە سەنعای پایتەخت و پارێزگا سنورییەکان ٧٣ هێرشیان ئەنجامداوە و بەلایەنی کەمەوە هێرشەکان ٥کوژراو و ٦ برینداریان لێکەوتووەتەوە، هەروەها هۆشیاری ئەوەی دا کە ئەم هێرشانە بەردەوامیان دەبێت".

لای خۆشیەوە حسێن ئەلعەزیز وەزیری دەرەوەی حوسیەکان هەڕەشەی لە بەریتانیا و ئەمریکا کردووە بەوەی بە قورسی باجی ئەو هێرشانە دەدەن و ئۆباڵەکەشی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت.

لای خۆیانەوە هەر یەک لەسەرۆکی ئەمریکا جۆوبایدن و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک جەختیان لەسەر گرنگی هێرشەکان کردەوە، بایدن ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشانە بۆ پارێزگاریکردنە  لە بەرژەوەندی بازرگانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان.

هەریەک لە وڵاتانی ئوستراڵیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵندا پشتیوانی خۆیان بۆ هێرشەکان دەربڕیوە.

لەبەرامبەردا روسیا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هێرشەکان دەربریوە و چینیش نیگەرانی خۆی دەربریوە و ئێرانیش هێرشەکانی شەرمەزار کردووە.

هەرچی سعودیە نیگەرانە لە دۆخی یەمەن و پێشهاتەکانی دوای هێرشەکان و داوای دان بەخۆداگرتنی کردووە.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، حوسیەکان رایانگەیاند، "لەپێناو پشتیوانی لە گەلی فەلەستین" هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە دەریای سور و لەماوەی رابردوودا دەستبەسەرداگرتن و هێرشکردنە سەر کەشتیە بازرگانیەکان لە دەریای سور زیادی کردووە.