پانۆرامای جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٣

لەسایەی باڵادەستی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکان، شەڕ و توندوتیژی و کۆچبەری و برسێتی و تێکدانی ژینگە بەردەوامە.

ساڵی ٢٠٢٣ چەندەها گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی و سرووشتی هەبوون، شەڕ و ناکۆکی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان پەرەی سەند و گرژی و توندوتیژییەکان زیادیان کرد، بەتایبەت لە ئۆکرانیا و سودان و غەززە، هاوشان لەگەڵ ڕووداوە سرووشتییەکانی وەک بومەلەرزە و لافاو و زریان، بەهەمانشێوە مردنی کۆچبەران و برسێتی تەشەنەی کرد.

بەشێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بەم شێوەیە بوون:

- لە ٢٦ ی شوبات، لە نزیک شاری کرۆتۆنەی ئیتاڵیا رۆژی یەکشەممە کەشتیەک ژێرئاوبوو، تەرمی ٦٤ کۆچبەر دۆزرایەوە.

- مانگی شوبات، رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا لەوەی کە لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا ١٢٩ هەزار کەس بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە، مەترسی مردنیان لەسەرە.

- لە مانگی نیسان، تەرمی دەیان کۆچبەر لە کەناراوەکانی لیبیا و تونس دۆزرانەوە.

- لە ١٥ ی نیسان لە سودان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سودان بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرکردایەتی محەمەد حەمدان دەقلو (حمێدتی) هەڵگیرسا، شەڕەکە سەرەتا لە خەرتومی پایتەختەوە دەستی پێ کرد و پاشان بە شار و شارۆچکەکان بڵاوبوویەوە. بەهۆیەوە نزیکەی ١٠ هەزار کەس کوژران و زیاد لە ١٠ هەزار کەس بریندار بوون.

- لە ٣ ی ئایار، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کۆشکی کرملین، ڕوسیا ئۆکرانیای تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشەکە.

- ١٤ ی حوزەیران، تەرمی ٨٤ کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان دۆزرایەوە.

- لە ٢٣ ی حوزەیران، سەرۆکی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا بۆردوومانی هێزەکانی ڤاگنەریان کردووە و بەررپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی کاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، بەو هۆیەشەوە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و یاخیبوونێکی ڕاگەیاند. هێزی ڤاگنەر شاری ڕۆستۆڤی کۆنتڕۆڵ کرد و ویستی بەرەو مۆسکۆ بجووڵێت. بەڵام یاخیبوونەکە ڕۆژێکی خایاند. بە نێوانگیری سەرۆکی بیلاڕوسیا شەڕ ڕاگیرا و ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بە مەرجی پاشەکشەی هێزەکانی ڤاگنەر و زامنکردنی سەلامەتی پریگۆژین و سەربازەکانی.

- لە ٢٨ ی تەمموز کۆچبەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکا قورئانی سوتاند، بەهۆیەوە ناڕەزایەتی و کاردانەوەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی سەریهەڵدا.

- بەهۆی ئاگری دارستانەکانی هاوایەوە نزیکەی ١٠٠ کەس مردن و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکان سوتان. 

- لە ٢٣ ی ئاب، لە گەشتێکی نێوان مۆسکۆ و سانت پیترسبۆرگ، فڕۆکەیەک کەوتەخوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، دامەزراوەکانی ڕوسیا ڕایانگەیاند سەرۆکی گرووپی چەکداری ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین لەو ڕووداوە مردووە، بەڵام ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان گومانیان لە ڕاستی ڕووداوەکە کرد، بەو پێیەی ڕەنگە فڕۆکەکە بەهۆی تەقینەوەیەک کەوتبێتە خوارەوە و ڕوسیا بەرپرسیاربێت لەم ڕووداوە.

- لە ١٠ ی ئەیلول زریانی دانیال لیبیای گرتەوە، بەهۆیەوە لافاو چەند ناوچەیەکی داپۆشی و سەدان کەس گیانیان لەدەستدا.

- لە ٧ ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی (تۆفانی ئەقسا) دژی ئیسرائیل دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بۆردوومانی موشەکی دەستی پێ کرد و پاشان هێرشی زەمینی پێکهات، هێزەکانی حەماس توانیان بۆ ماوەیەک چەند ناوچەیەک لەناو جەرگەی ئیسرائیل و چەند نشینگەیەک کۆنتڕۆڵ بکەن پاشان زیاد لە ٢٠٠ کەسیان بەدیل گرت و کشانەوە بەرەو غەززە. دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی دەست پێکرد و لەوکاتەوە بۆردوومانی غەززە بەردەوامە، هاوشان لەگەڵ جووڵەپێکردنی هێز و هێرشی زەمینی بەئامانجی لەناوبردنی هێزەکانی حەماس. هێزەکانی حەماسیش لەڕێگەی بەکارهێنانی تونێلەکان و تاکتیکی جیاجیاوە بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە. لەماوەی ئەم شەڕەدا تا ئێستا نزیکەی ٢٢ هەزار کەس کوژراون، زۆربەیان خەڵکی سڤیلن و ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوژراوەکان مناڵ و ژنن. لە یەکێک لەو هێرشانەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە، لە ١٧ ی تشرینی یەکەم، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل نەخۆشخانەی ئەهلی مەعمەدانی لە غەززە بۆردومان کرد بەهۆیەوە زیاد لە ٥٠٠ کەس کوژران و سەدان کەس بریندار بوون.

- لە ١٨ ی کانوونی یەکەم، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی میسڕدا، عەبدولفەتاح سیسی جارێکی تر وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە.

هـ . ب