پەرلەمانی عێراق: دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٢٢ هەزار سەرپێچی ئەنجامداوە

عەلی نعمە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە زیاتر لە ٢٢ هەزار پێشێلکاری لەسەر خاکی عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕۆژنیوز، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، عەلی نعمە، سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی دەولەتی تورکی داگیرکەر لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ میدیای ناوخۆیی قسەی کردووە.

عەلی ڕایگەیاند، توركیا ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی پێشێل دەكات، بەردەوامە و نەوەستاوە. عەلی وتی: "تورکیا زیاتر لە ٣٠٠ كم هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە و هۆکاری هێڕشەکانی دەگەرێنێتەوە بۆ نەبوونی هێزەکانی عێراقی لە ناوچەکەدا. لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٢ هەزار پێشێلكاریی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە ئەنجامدراوە. عێراق زیاتر لە ١٦ هەزار یاداشتی دژ بە توركیا پێشكەش کردووە بە كۆمەڵگای ناونەتەوەیی، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە. حکۆمەتی عێراق ناتوانێت وەڵامی هێڕشەکانی تورکیا بداتەوە، بەلام بەلایەنی کەمەوە دەتوانێت ئابووری بەکاربهێنێت".