شاندەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دوێنێ لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری پارتی ولامس بێلانگی بەلجیکا لە بینای پەرلەمانی فیدڕاڵ لە بروکسەل کۆبووەوە.
شاندەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە ئەوروپا د.عەبدولکەریم عومەر و هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەر لە بەلجیکا هۆزان ئەحمەد پێکهاتبوو. شاندە بەلجیکیەکەش لە ئالین سامین و یوریس دی ڤرینت پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا د. عەبدولکەریم عومەر کورتەیەکی لەبارەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا باس کرد و وتی: خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤دا بە فەرمی راگەیەندرا و لەپێناو سوریایەکی دیموکراتیکی ناناوەندیدا کار دەکات و رێز لە سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەگرێت. باسی لەوەشکرد، کە لە دەستووری هەمیشەیی نوێی سوریادا زۆر گرنگە، کە هاوشێوەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا رێز لە پێگەی ژنان بگیرێت و لەو چوارچێوەدا ئەوەی خستەڕوو کە رێژەی بەشداری ژنان لە دامودەزگا فەرمییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا لەسەدا ٤٠ە.
عومەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە شەڕی دژ بە داعش کرد و سەرباری ئەوەی لە ٢٠١٨دا لە باغۆز شکست بە داعش هێندراوە، بەڵام ئەمە بە واتای رەوینەوەی مەترسی ئەو رێکخراوە نییە و بەهەزاران کەس بوونیان هەیە کە لە سەر بنەمای ئەقڵیەتی توندئاژۆی ئەو رێکخراوەیە پەروەردەبوون و بۆ رێگری لە گەڕانەوەی داعش پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبگەیەنێت و بە پێی پێویست هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکات.
نوێنەرەکەی خۆبەڕێوەبەریی لە ئەوروپا سەبارەت بە بڕیاری دادگایی کردنی چەتەکانی داعشی وتی، "پشتگوێخستنی بانگەوازەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە وایکرد کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیاربدات خۆی ئەو چەتانە دادگایی بکات".
عەبدولکەریم عومەر بەشێکی قسەکانی تەرخان کرد بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و وتی، "کردنە ئامانجی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری زیانێکی مادی گەورەی بە هەرێمەکە گەیاندووە. لەبەر ئەوە زۆر ناوەند لەکارکەوتوون و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن. بە ملیۆنان هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش بوون و بە دەیان مەدەنیش کوژراون".
عومەر هێمای بۆ ئەوەش کرد، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هاوکات لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکان لە دژی هەرێمەکە، بەهەمان شێوە سیاسەتە دڕندانەکانیشی لە هەرێمە داگیرکەراوەکان درێژە پێدەدات و لە رێگەی کۆچبەرکردنی دانیشتوانی رەسەن هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەدات و لە بری دانیشتوانی رەسەن بنەماڵەی چەتەکان و ئەندامانی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە لەو شوێنانە نیشتەجێ دەکات.
پەرلەمانتار ئالین سامینیش روانگەی خۆی لەبارەی بابەتەکانی کۆبوونەوەکە خستەڕوو و وتی، "هەمووان دەزانن کە شکستدانی داعش مەترسییەکی گەورەی ئەمنی لەسەر جیهان رەواندەوە. لەم رووەوە هەموومان قەرزاری ئێوەین. دڵنیاتان دەکەینەوە کە پاڵپشتیتان لێدەکەین. داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش دەکەین کە بەرپرسیارێتیەکانی جێبەجێ بکات. هاوکارتان بن کە تیرۆر نەگەڕێتەوە، ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی هەرێمەکەتان کە بەدەستهێنراوە، بپارێزرێت".
ئالین سامین بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا؛ "پشتگوێخستنی بانگەوازەکانی پەیوەست بە دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لەلایەن حکومەت و دەوڵەتانی جیهانەوە ناڕەوایە. دەبێت ئەو لایەنانە رۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە لەناوبردنی داعش لەبیر نەکەن، لەبەر ئەوە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی پێکەوە هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەن بۆ ئەوەی دادگایەکی نێونەتەوەیی بۆ دادگایی کردنی چەتەکانی داعش پێکبهێندرێت و ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری بپارێزن و لە رووی سیاسیەوە دانی پێدا بنێن".
ئالین سامین لە کۆتاییدا وتی، "تاوانەکانی تورکیا شەرمەزار دەکەین. کردنەئامانجی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری هەرێمەکە لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە. بەڵام بێدەنگییەکی نێونەتەوەیی بەرامبەر بەو کردەوانە هەیە. ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستیە هیج پاساوێک هەڵناگرێت. دەتوانین بڵێین کە بەو بێهەڵوێستیەیان هانی ئەنقەرە دەدەن کە لە سەر سیاسەتی شەر بەردەوام بێت".
هـ . ب