ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە ٢٠ هەزار کەس

وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لانیکەم ١٩ هەزار و ٦٦٧ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات، دەستنیشانی کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٩ هەزار و ٦٦٧ کەس.

بەگوێرەی ئامارەکانی حەماس، بەهۆی هێڕشە ئاسمانییەکانەوە لانیکەم ٥٢ هەزار و ٥٨٦ کەس بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی (جیبالی) کە دەکەوێتە باکووری غەززە، ١٣ فەلەستینی کوژراون و ٧٥ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی دووشەممەش ڕاگەیەندرا بوو کە ١١٠ کەس لە کەمپی (جیبالی) کوژراون. کەمپی جیبالی لە نێوان ئەو ٨ کەمپەی کە لە کەرتی غەززەدا هەیە، گەورەترین کەمپە و نزیکەی ١١٦ هەزار پەنابەر تێیدا دەژین.