زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سودان بۆ بژیوی ژیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. پێشهاتەکان کە قەیرانی تەندروستی لە وڵاتدا قووڵتر دەکەنەوە، بۆەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٩ هەزار کەس و بە ملیۆنان کەس کۆچبەر یان پەنابەر بوونە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری منداڵان (UNICEF) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ژمارەی خێزانە هەژارەکان لە ماوەی ساڵێکدا دوو هێندە زیادیکردووە و ڕایانگەیاند: "700 هەزار منداڵ بەکێشەی کەم خۆراکییەوە گیرۆدەن. و 100 هەزار منداڵیش پێویستیان بە چارەسەری ژیانییە."
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤٢٪ دانیشتووانی وڵات، واتە زیاتر لە 20.3 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
لە 15ی نیسانەوە ململانێی دەسەڵاتداری لە نێوان سوپای جەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان بەردەوامە و ئەمەش وڵات بەرەو ئاڵۆزی دەبات.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف ڕایانگەیاند کە ملیۆنان منداڵ ڕووبەڕووی نەخۆشی جۆراوجۆر بوونەتەوە و سیستەمی تەندروستی بەهۆی هێرش و ڕووداوەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دامەزراوە تەندروستییەکان داگیرکراون و تاڵانکراون. نزیکەی لەسەدا ٧٠ی نەخۆشخانەکانی هەرێمە زیان لێکەوتووەکان ناتوانن خزمەت بکەن.