حکومەتی ئەفغانستان فەرمانی دەسپێکردنەوەی هێرشی بۆسەر تاڵیبان دەرکرد

سەرۆک کۆماری ئەفغانستان، فەرمانی دەسپێکردنەوەی هێرشی بۆسەر بزوتنەوەی تاڵیبان و گۆڕینی باری بەرگریی بە باری هێرشی بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەرکرد.

دوابەدوای دوو هێرشی خوێناوی و مەرگهێنەری ئەمڕۆی بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانسان کە تێیدا نزیکەی ٤٠ کەس کوژران، ئەم ئێوارەیە، ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان، فەرمانی بە هەموو هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد، کە باری بەرگریی بگۆڕن بە باری هێرش و هێرشکرن بۆسەر چەکدارانی تاڵیبان دەستپێبکەنەوە.

غەنی لە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند: هەردوو گروپی داعش و تاڵیبان، بەرپرسیارن لە هێرشە مەرگهێنەرەکانی ئەمڕۆ، هەرچەند هیچ کامەشیان تا ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتبێت.

ئەشرەف غەنی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دژی تاڵیبان، بۆ بەرگریی لە وڵات و هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی و هەروەها بۆ بەرگریی لە بەرامبەر تاڵیبان و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە بە پێویست زانی و فەرمانی کرد کە باری بەرگریی بگۆڕدرێت بە باری هێرش.

جێگای ئاماژەیە، دوای ڕێککەوتنەکەی تاڵیبان و ئەمریکا، تا ئێستا، هەموو هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان لە بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان، لە باری بەرگریدا بوون.