٥٥ ڕۆژنامەنووس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

بە پێی ئاماری ڕێکخراوێکی مەدەنی کە ناوەندەکەی لە شاری جنێفە لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماوەی ٢ مانگدا زیاتر لە ٥٥ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی Presse Embleme Campegne (PEC) کە ڕێکخراوێکی مەدەنیە ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە لە ٢٣ وڵات زیاتر لە ٥٥ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا، ڕێوشوێنەکان بۆ میدیاکاران کەمن و ناڕەزایی بەرانبەر پێشێلکردنی مافی ڕاگەیەنکاران دەربڕی.

بلایس لیمپین سکرتێری گشتی رێکخراوەکە ڕایگەیاند، کارکردن لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن هەندێک حکومەتەوە بۆ بێدەنگکردنی میدیا بەکاردەهێنرێت و ئاماژەی بەوەدا، ڕێکخراوەکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکات.

ف.ق