کابوگا یەکێک لە ئەنجامدەرانی سەرەکیی جینۆسایدەکەى رواندا دەستگیرکرا

فیلیسین کابوگا یەکێک لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدەکەى گەلی رواندا لە نزیک شاری پاریسی پایتەختى فەرەنسا دەستگیرکرا.

وەزارەتی دادی فەرەنسا رایگەیاند، فیلیسین کابوگا لە رواندا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامداوە و بەهۆی ئەو تاوانەوە دەستگیرکراوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فیلیسین گابوکا بە ئەنجامدەری سەرەکیی کوشتارە گەورەکەى گەلی رواندا ناساندووە و بڕیاری دەستگیرکردن و لێپێچینەوەى بۆ دەرکردووە.

کابوگای لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و لە دوای ٢٦ ساڵ هەڵهاتن و خۆشاردنەوە لە چەند وڵاتی جۆراجۆردا، دوێنێ ١٦ی ئایاری ٢٠٢٠ لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە لە نزیک پاریس دەستگیرکرا.

کابوگا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکی و گرنگەکانى دابینکردنی پارە و چەک و پێداویستی بووە بۆ خێڵی هۆتۆ و ئەو خێڵەش لە ساڵی ١٩٩٤دا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسیان لە خێڵی توتسی لە رواندا کۆمەڵکوژ کرد. ئەوە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانى دژ بە مرۆڤایەتی بوو، کە لە کۆتایی سەدەی ٢٠ دا روویدا.
ژ.ت